بەغدا.. بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا بەر کاتیۆشا درا
سێنتکۆم: بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک دەست کراوەین

بنکەی ڤێکتۆریای سەربازی ئەمەریکا لە بەغدا بەر کاتیۆشا درا و ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا کە بە سێنتکۆم ناسراوە، هۆشداری دەدات و ڕایگەیاند، بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی سەر سەربازەکانیان دەستکراوەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی ڕایگەیاندووە، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ڕۆژئاوای بەغدا بە سێ ڕۆکێتی کاتیۆشا هێرش کراوەتە سەر بنکەی ڤێکتۆریای سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا، کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
بە گوتەی سەرچاوە ئەمنییەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بنکە ئەمریکییەکە کەوتووە کار، بەڵام یەکێک لە ڕۆکێتەکان لە بەر دیواری جیاکەرەوەی بنکە سەربازییەکەی ئەمەریکا و فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتووە و بەهۆیەوە چوار ئۆتۆمبێلی مەدەنی سووتاون، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.
سەرچاوە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و تیمی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی توانیویا شوێنی هەڵدانی ڕۆکێتەکان لە نزیک ناوچەی عامرییەی ڕۆژئاوای بەغدا بدۆزنەوە و هەڵدانی سێ ڕۆکێتی دیکەی کاتیۆشا پووچەڵ بکەنەوە بەر لەوەی بەرەو بنکەی ڤێکتۆریا بتەقێندرێن.
سەبارەت بە هەڕەشە و هەر هێرشێک دژ بە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتەبێژی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا هۆشداری داوە و ڕایگەیاندووە، ڕووبەڕووی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هێزەکانیان دەبنەوە و وەڵامی توندیان دەبێت.
کۆلۆنێل برایان ماگاری گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، فەرمانیان پێکراوە و دەستکراوە کراون بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرش و پەلاماردانێکی هێزەکانیان لە ناوچەکە.
دەشڵێت: وەڵامدانەوەکانیان لەچوارچێوەی یاسای بەرگری لەخۆکردن، دەبێت.
گوتەبێژەکەی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاشیگەیاندووە، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ جموجووڵێکی نائاسایی دژی هێزەکانی ئەمەریکا نەکردووە، بەڵام هێزەکانیان لە ئامادە باشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و هێرشێک.
هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر بنکەی سەربازی ڤێکتۆریا لە بەغدا 24 کاتژمێر دوای ئەو هەڵوێستەی دەستەی هەماهەنگی مقاوەمەی عێراق دێت، کە ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا لە کشاندنەوەی هێزەکانی لە عێراق "ڕاستگۆ نییە"، هەروەها سێ مەرجیان بۆ حکوومەتی عێراق دیاری کردووە تاوەکوو بۆ ڕێککەوتنی ستراتیجیی ئەمنی بەغدا–واشنتن زیاد بکرێت، ئەگەرنا پابەندی هیچ ڕێککەوتنێک نابن بەرانبەر بە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
مەرجەکانی دەستەکەی بەرەی مقاوەمەش بریتین لەمانە:
خاڵی یەکەم "دەبێت دەرچوونەکە گشتگیر بێت و بەپێی ئەو خشتە کاتییەی کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە."
خاڵی دووەم "نابێت ئۆپەراسیۆنەکانیان لە سووریا لە ناو خاکی عێراقەوە بکەن، چونکە پێچەوانەی دەستووری عێراق و پەیوەندیی دراوسێیەتی نێوان عێراق و سووریایە".
خاڵی سێیەم "پارێزبەندی بە هێزە سەربازییە بیانییەکان نەدرێت، لە ژێر هەر ناوێکدا بن".