دلێمی: لەم دوو ڕۆژەدا تەواوکاریی مووچەی مانگی هەشت دەگات
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، لەم دوو ڕۆژەدا تەواوکاریی مووچەی مانگی هەشت دەگاتە هەرێمی کوردستان و سەرەتای هەفتەی داهاتووش مووچەی مانگی نۆ خەرج دەکرێت.
سێشەممە، 01-10-2024، ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ، تەواوکاریی مووچەی مانگی هەشت دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
وەکوو ئەوەی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی پێ دا، سەرەتای هەفتەی داهاتوو، مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە خەرج دەکرێت.
دلێمی جەختیشی کردەوە "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پارێزراوە و کێشە تەکنییەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە کراون؛ بۆیە دڵنیایی دەدەین لە خەرجکردنی مووچەکە لە کاتی خۆیدا".
ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە
بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.