شاخەوان عەبدوڵلا: لە هەرێمی کوردستان ناوەندێکی ئامار و زانیاری سەرژمێریی گشتی دەکرێتەوە
شاخەوان عەبدوڵلا: ئەگەر گرفتەکانی بەردەم سەرژمێریی کەرکووک چارە نەکرێت، ئەوا پرۆسەکە دوا دەخرێت یان کار بە تۆمارەکانی 1957 دەکرێت
شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ: ئەم چەند ڕۆژە چاوەڕێی چارەکردنی گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی لە کەرکووک دەکەین، ئەگەر چارە نەکرێن، ئەوا یان دەبێت دوابخرێت یان دەبێت تۆماری ساڵی 1957 بکرێتەوە بنەما، ڕاشیگەیاند، وەزیری پلاندنان بەڵێنی داوە ناوەندێکی ئامار و زانیاری لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
شاخەوان عەبدوڵلا ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2024، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سوپاسی لێژنەی پلاندانانی پەرلەمانی کرد بۆ ئەو کۆبوونەوەی لە بارەی گرفتەکانی بەردەم سەرژمێریی گشتیی بە ئامادەبوونی وەزیری پلاندانانی عێراق و بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکی خستبوو، گوتی: چەند گرفتێک هەبوون بۆ ئێمە جێی بایەخ بوون ڕوون بکرێنەوە، لەوانە پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە خەڵکێک لە کەرکووک بەزۆر دەرکراون و بۆ هەرێمی کوردستان دوور خراونەتەوە، لە هەمان کاتدا کێشەی ئەوانەی لە چوارچێوەی تەعریب هێنراونەتە کەرکووک و نیشتەجێ کراون، ئەم دوو لایەنە چۆن سەرژمێریان بۆ دەکرێت، ئەمانە گرنگ بوون و دەبوایە بە جوانی ڕوون بکرێتەوە.
گوتیشی: ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئەوەیە خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک لەسەر شارەکەیان هەژمار بکرێن، ئەگەرنا سەرژمێری گشتیی لە کەرکووک ناکرێت و تۆمارەکانی ساڵی 1957 دەکرێتەوە بنەما.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕاشیگەیاند، سەرۆکی لێژنەی ڕاپۆرتی ستراتیجی ئاماژەی داوە، مەرج نییە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی هەر لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا بکرێت، ئەگەر ئەو تێبینی و کەموکوڕیانەی هەن، چارە نەکرێن، ئاساییە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت، هەربۆیە ئەم چەند ڕۆژە چاوەڕێی دەکەین، ئەگەر چارەی پرسەکان نەکرێت با پرۆسەکە دوا بخرێت.
شاخەوان عەبدوڵلا گوتیشی: جەختمان کردووەتەوە کە دەبێت ناوەندی ئامار و زانیاریی دەبێت لە هەرێمی کوردستانیش هەبێت، چونکە کاتێک یاسای سەرژمێریمان هەموار کردەوە تایبەتمەندییەکان داوەتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەش وەزارەتی پلاندانانی عێراقی بەڵێنی داوە ناوەندێکی ئامار و زانیاریی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
هەروا ئاماژەی دا "ئاوارەکانیش خاڵێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، نموونە ئاوارەیەکی ئەنبار بەهۆی شەڕی تیرۆر و هەر بابەتێکی دیکەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە و نیشتەجێ بووە، چۆن هەژمار دەکرێت؟ هەرچەندە ئاساییە بۆ بابەتی بەشە خۆراک لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێت، بەڵام بۆ سەرژمێریی دەبێت تۆمارەکانی ڕاستەوخۆ بگەڕێندرێتەوە ئەنبار و لەسەر سنووری پارێزگاکەی خۆی دەبێت هەژمار بکرێت، ئێستاش سەرقاڵی دانانی میکانیزمێکین بۆ ئەم بابەتە".
بریارە 20ی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان بەڕێوە بچێت، هەر ئەمڕۆکە دژوار فایەق نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەگەر ئەم سێ هەنگاوە جێبەجێ نەکرێت، ئەوا ئەنجامەکانی سەرژمێری لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان خراپ دەشکێتەوە.
1-ئەو کوردانەی تۆماری ساڵی 1957 یان هەیە و خەلکی کەرکووک و شارەکانی دیکەی ماددەی 140ـن لەسەر شارەکانی خۆیان تۆمار بکرێن.
2-ئەو عەرەبانەی ئێستە نیشتەجێی کەرکووک و شارەکانی دیکەی سنووری ماددەی 140 ـن و ناویان لە تۆماری ساڵی 1957 نیە، نابێت ڕێگە بدرێت لەسەر کەرکووک و شارەکانی دیکەی سنووری ماددەی 140 تۆمار بکرێن، چونکە ئەمە چەسپاندنی تەعریبە.
- 3پێویستە لە فۆرمی سەرژمێریدا نەتەوەش تۆمار بکرێت .
دژوار فایەق گوتیشی: ئەگەر ئەم هەنگاوانە نەگیرێنەبەر، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای دواخستنی پرۆسەی سەرژمێریی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بکات، چونکە ئەگەر پرۆسەکە بکرێت، لە داهاتوودا تۆمارەکانی 2024 دەبنە بنەمای یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچەکان.