سەرچاوەکان: ئیسرائیل 35 ئامانجی بۆ لێدان لە عێراق دەستنیشان کردووە

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوە عێراقییەکان ئاشکرایان کردووە، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە کەسایەتییە شیعەکان کردووە نێوەندگیری بکەن بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان بکەن و ڕێگریی لە تێوەگلانیان لە شەڕی نێوان حزبوڵلای لوبنان و ئیسرائیل، بکەن.

گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بەڵێنیان داوە، وەڵامی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا بدەنەوە و سەرکردەی گروپە چەکدارەکانیش ڕایانگەیاندووە، ئامادەن شانبەشانی مقاوەمەی باشووری لوبنان، شەڕ بکەن.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی، دەڵێت: نابێت مەترسییەکان پشتگوێ بخرێن، نەوەک هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ڕابکیشرێنە ناو شەڕ.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، حکوومەتی عێراق ترسی هەیە کاردانەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئەو گرووپانە لە ناوخۆی عێراقدا ڕوو بدات.

دوو سەرچاوەی نزیک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایان کردووە، بەهۆی پێداگریی گرووپە چەکدارەکان لەسەر بەشداریی لە شەڕەکەدا و توانای حکوومەتەکەی سوودانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپانە، گومانی لەسەرە.

سەرچاوەیەک ئەوەی سەلماندووە، کە زانیارییەک لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکاندا هەیە کە ئاماژەی بەوە دەکەن، تەلئەڤیڤ 35 ئامانجی لە ناوخۆی عێراق دەستنیشان کردووە، کە لەهەر ساتێکدا بیەوێت لێیان دەدات، کە سەرکردەکانی سیاسی و گرووپە چەکدارەکان یەکێکن لەو ئامانجانە، هاوشێوەی ڕووداوەکانی لوبنان.

بەهۆی ئەو مەترسیانەی کە حکوومەتی سوودانی هەستی پێ کردووە، سەرچاوەکان دەڵێن: ئەو ناچارە هەندێ جووڵە و چالاکیی سیاسیی جۆراوجۆر بکات کە لەوانەیە ببنە ڕێگر لەوەی ئیسرائیل زەبر لە وڵاتەکەی بدات".

 

لە وردەکارییەکانی جوڵەکانی سوودانیدا، یەکێک لە سەرچاوەکان ئەوە دووپات دەکاتەوە "لەم دواییانەدا سێ کەسایەتیی کاریگەر و قبوڵکراوی ڕاسپاردووە، کە کەسایەتیی ئایینی و سیاسیشیان تێدا بووە، کۆبوونەوەی بەپەلە لەگەڵ سەرۆکی هەندێک لەو گرووپانە بکات و بڕوایان پێ بهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی جیددیەتی دۆخەکە، بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا خۆیان بەدوور بگرن".

 

سوودانی لەگەڵ هاوپەیمانی "ئیدارەی دەوڵەت" کۆبووەوە، کە زۆربەی سەرکردەکانی هێزە سیاسییەکان تێدایە، بۆ باسکردنی ئەو پێشهاتە مەترسیدارانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن و کاردانەوەکانیان لەسەر وڵات چۆن دەبێت".

 

Fly Erbil Advertisment