گواردیۆلا: خەریكی چاكسازیم لە تیپەكەم
مانچێستەر سیتی دوای یەکسانبوونەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد لە گەڕی رابردوو پرێمەرلیگ، ئەمجارەیان لە پێناو رووبەرووبونەوەی یانەی سلۆڤان لە گەڕی دووەمی قۆناغی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، گەشتی سلۆڤاکیای کردووە.
مانچێستەر سیتی گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای خۆی، رووبەرووی ئینتەر میلان بووەوە و نەیتوانی بردنەوە بەدەست بهێنێت و لە کۆتاییدا هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، بۆیە هالاند و هاوڕێیەکانی هەموو ئامانجیان بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکەیە.
ئێرلینگ هالاند هێرشبەری نەرویجی ستیزن، گەڕی رابردوو بەرامبەر نیوکاسڵ، دوای تێپەربوونی شەش گەڕ، بۆ یەکەمجار نەیتوانی بەشداری هیچ گۆلێک بکات، هەروەها ئەو یاریزانە بە هەمان شێوە، لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگیش بەشداری هیچ گۆڵێکی نەکردووە.
لێدوانی گواردیۆلا لەبارەی یارییەكەی ئەمشەو
پێپ گواردیۆلا راهێنەری مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، ئەوان خەریکی چاکسازی و رێکخستنەوەی تیپەکەیانن، بەڵام هیشتان کاریان ماوە و بەردەوام دەبن.
پێپ گواردیۆلا راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی پێش یارییەكەی ئەمشەو رایگەیاند ئەوان ئێستا خەریکی بیناتنانەوە و چاکسازی کردنن لە تیپەکەیان، دەشڵێت: بۆ چاكسازی لە تیپەكەم کاتێکی زۆرمان پێویستە و بەردەوام دەبین، هاوشێوەی نۆژەنکردنەوەی کلێسای بەناوبانگی شاری بارسێلۆنا کار دەکەین، ئەگەر بۆ رابردوو بگەڕێینەوە، دەزانین کە پێشکەوتنێکی ئەوتۆ نەبووە، بەڵام ئێستا ژیان لە پێشکەوتندایە و هیوادارین کلێساکەش بە جوانترین شێوە نۆژەن بکرێتەوە."
یارییەكی مێژوویی
هەردوو یانەی سلۆڤان و مانچێستەر سیتی جاری یەکەمیانە لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، بەڵام یانە سلۆڤاکیەکە پێشتر 12 جار، لە پاڵەوانێتیە جیاوازەکان رووبەڕووی یانەکانی ئینگلاند بووەتەوە و خاوەنی دوو بردنەوە و هەشت دۆڕانە.
مانچێستەر سیتی لە 24 یاریی رابردووی لە چامپیۆنزلیگ، تەنها یەک یاریی دۆڕاندووە، ئەویش وەرزی رابردوو بەرامبەر ریاڵ مەدرید لە قۆناغی پێشکۆتایی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بوو، یاریی رابردووش بەرامبەر ئینتەر میلان یەکسانبوونە.
یانەی سلۆڤانی سلۆڤاکی ئەم وەرزە لە کۆی هەشت یاریی لە یاریگای خۆی لە خولی نێوخۆیی، خاوەنی حەوت بردنەوەیە، ئەو یانەیە لە یەکەم یاریی خۆی لە وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ، لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر پێنج گۆڵ دۆڕاوە.
