ئومێد سەباح: لەم دوو ڕۆژەدا تەواوکاری مووچەی مانگی هەشت و مووچەی مانگی نۆ دێت

د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، وا بڕیارە لەم دوو ڕۆژەدا کورهێنانی مووچەی مانگی هەشت و تەواوی مووچەی مانگی نۆش بگاتە هەرێمی کوردستان.

چوارشەممە، 02-10-2024، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "حکوومەتی عێراق تاوەکوو ئێستە 755 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی هەشت ناردووە و 245 ملیار دینار کورتهێنان هەیە". 

بە گوتەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و وەزارەتی دارایی عێراقیش ڕێکارەکانی خەرجکردنی کورتهێنانی مووچەی مانگی هەشتی تەواو کردووە و "لە هەمان کاتدا ئێمە کارمان لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆش کردووە".

د. ئومێد سەباح باسی لەوەش  کرد، "وا بڕیارە لەم دوو ڕۆژەدا کورهێنانی مووچەی مانگی هەشت و تەواوی مووچەی مانگی نۆش بگاتە هەرێمی کوردستان و هیچ بەربەرستێک لە بەردەم خەرجکردنیاندا نییە. کاتێک گەیشت ئێمەش دەست بە دابەشکردنیان دەکەین".

 

 

هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان

بە گوتەی د. ئومێد سەباح، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشیانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خانەنشینانی عێراق پێک هێناوە؛ "لیژنەکە سێ دانیشتنی هەبووە و ئەنجامەکانیش تاوەکوو ئێستە زۆر زۆر باشبوون".

وەکوو ئەوەی ناوبراو ئاماژەی پێ کرد، دادگای باڵای فیدراڵیی، هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەند کردووە بەپێی یاسای نوێی خانەنشینی، مامەڵە لەگەڵ خانەنشیانی هەرێمی کوردستان بکەن؛ کەواتە هیچ گرفت و بەربەستێک ناهێتە پێشەوەی پرۆسەکە.

هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

لە 25-03-2023ـەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، ڕاگیراوە و هێشتا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو ئەوەی د. ئومێد سەباح جەختی لێ کردەوە، هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە حکوومەتی فیدراڵی بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوت جێ بەجێ کردووە، "بەڵام چاوەڕێین وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لەبارەی تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بگاتە ڕێککەوتن".