مەسرور بارزانی: وەڵامی ئێمە یەک وشەیە: ناتوانن!

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: لایەن هەبوو پێشتر و ئێستاش هەوڵ دەدات قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵێت، بەڵام ناتوانێت. مەسرور بارزانی گوتیشی: وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان یەک وشەیە: ناتوانن!

چوارشەممە، 02-10-2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابییان، لاوان و ئافرەتان لە شاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە، لایەن هەبوو پێشتر و ئێستاش هەوڵ دەدات قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵێت، بەڵام ناتوانێت. مەسرور بارزانی گوتیشی: وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان یەک وشەیە: ناتوانن!

مەسرور بارزانی: هەوڵیان دا ئەو قەوارەیە نەهێڵن و نەیانتوانی

مەسرور بارزانی گوتی: پێشتریش هەوڵیان دا ئەم قەوارەیە نەهێڵن؛ ئەمە ئێستا نییە، پێشتریش بەشداربوون لە پیلانەکانی لاواز کردنی ئەم قەوارەیە، ئامادەبوون خۆشیان لەناو ببەن، بۆ ئەوەی ئەو حکوومەتە و حوکمڕانییە دووچاریی شکست بێت کە لەژێر سەرکردایەتیی پارتی بوو. هەوڵەکانی ئەوان هی ئێستا نییە، هەوڵەکانیان بەردەوام بووە، بەڵام نەیانتوانیوە چونکە، ئەم وڵاتە خاوەنی هەیە، ئەم وڵاتە پارێزەری هەیە، خاوەنی ئەم وڵاەتە ئێوەن، پارێزەری ئەو وڵاتەش پێشمەرگەیە.

مەسرور بارزانی گوتی: هیچ لایەن و کەسێک ناتوانێت کاروانی پارتی بوەستێنێت. ناتوانێت ئەم قەوارەیە تێک بدات. چونکە تەنیا کەسێک کە بتوانێت بڕیار لە چارەنووسی ئەم وڵاتە بدات، دەنگی ئێوەیە.. دەنگی ئێوەش لە 20ـی مانگی 10، دیار دەکات کێ بەردەوام دەبێت، کێ حوکمڕانی دەکات.

مەسرور بارزانی: بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەر نەهێنرێتە کوردستان، دەنگ بە پارتی بدەن

مەسرور بارزانی دەڵێت: بۆ ئەوەی مەترسی نەکەوێتە سەر قەوارەی هەرێم، بۆ ئەوەی بێڕێزیی بەرامبەر خوێنی شەهیدان نەکرێت، بۆ ئەوەی بێوەفایی بەرامبەر تێکۆشەران بەردەوام نەبێت، بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەر نەهێنرێتە کوردستان، بۆ ئەوەی ترساندن و تۆقاندن نەمێنێت، بۆ ئەوەی سەرانە سەندن نەمێنێت، بۆ ئەوەی ڕادەستکردنی خاکی کوردستان چیتر قەبوڵ نەکرێت، بۆ ئەوەی چیتر سووکایەتیی بەردەوام نەبێت، خۆتان لەو لایەنانە بپارێزن کە ئەو خەسڵەتانەی تێدایە. بەڵام بۆ شانازیی وڵات، بۆ شکۆی پێشمەرگە، بۆ سەربەرزیی خانەوادەی شەهیدان، بۆ ئاوەدانی، بۆ پێشکەوتن و زانست و هیوا، بۆ ئایندە ، دەنگ بدەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان.

مەسرور بارزانی گوتی: پارتی توانیویەتی لەمێژووی سەرکردایەتیی خۆیدا، باشترین پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر و جیهاندا دروست بکات؛ بە ڕادەیەک کە پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا زۆر جار، وەکو پێگەی وڵاتێکی سەربەخۆ حیسابی بۆ کراوە. پێگەی هەرێمی کوردستان بەوە پارێزراوە، چونکە پارتی هەمیشە شکۆی پێشمەرگە و ڕێزی هاووڵاتییانی خستووەتە سەر هەموو بەرژەوەندییەکی دیکە، پارتی هەمیشە توانیویەتی ڕاستگۆیانە لەگەڵ ناحەزانی خۆی بدوێ و ڕاستگۆیانە لەگەڵ دۆستەکانی خۆشی قسە بکات.

گوتی: ئێمە هەوڵمان داوە پەیوەندییەکانمان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەجۆرێک ڕێک بخەین، کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەوە بێت.

مەسرور بارزانی: پارتی خاوەنی دەستکەوتەکانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووە

مەسرور بارزانی دەڵێت: لەڕووی ئاوەدانییەوە، ئەو دەستکەوتانەی لە کوردستاندا هەبووە، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بێ جیاوازیی، پارتی پشکی شێریی هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.. سەیری شەقامەکان بکەن، سەیری باڵەخانەکان بکەن. دەشزانم هێشتا کەم و کوڕی زۆرە، هێشتا زۆر شت ماوە بکرێت. چەند جار دووپاتی ئەوەم کردووەتەوە کە لە هەوڵی جیددیداین بۆ ئەوەی دابینکردنی پێداویستییەکان باشتر بکرێت، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان باشتر بکرین، ئەجندایەکی تێر و تەسەلمان هەبووە، بەردەوام دەبین لەسەر ئەوەی کە هەموو ئەو کارە خزمەتگوزارییانەی کە لای ئێوە گرنگن، هەموویان جێبەجێ بکەین؛ یەکێک لەوانە کارەبایە، کە دەزانم بۆ هەمووتان گرنگە، بەڵام بەو بەرنامەیەی ئێستا دەستمان پێ کردووە و بەردەوام بین، لەماوەیەکی زۆر نزیکدا پشتیوان بەخوای گەورە، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکەین.

11

مەسرور بارزانی: کێشەی ئاومان بۆ ماوەی 30 ساڵ لە هەولێر چارە کرد

مەسرور بارزانی گوتی: بابەتی ئاو کە ئاوەدانییە، هەستمان کردووە کە گۆڕانی کەشوهەوا لە دونیادا چ کاریگەرییەکی لە وڵاتان کردووە، بەڵام  ئێمە سەرچاوەی ئاوی زۆرمان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە سوودی لێ وەرگرین،  ئێمە بەرنامەیەکی زۆر تۆکمەمان هەبووە بۆ دروستکردنی بەنداو، بۆ دروستکردنی بەنداوی مامناوەندی و پۆند، هەروەها لە شاری هەولێر کە چەندین ساڵە بەدەست کێشەی کەمئاویەوە گیرۆدەیە، دوو پرۆژەی گەورەمان دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی ئاو بگاتە هەموو ماڵێکی شاری هەولێر کە بۆ 30 ساڵی داهاتوو کێشەی ئاو لە هەولێر ناهێڵێت، هەمان پرۆژەمان لە شارەکانی دیکەش هەیە.

مەسرور بارزانی دەڵێت: هەوڵی جیددیمان داوە بۆ ئەوەی بتوانین بە باشرین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان بکەین، چونکە لە سیاسەت و ئەجێندای پارتی، لەو حکوومەتەی  کە پارتی حوکمڕانی تێدا دەکات، هاووڵاتی میحوەری سیاسەتی پارتییە، خزمەتکردن بە هاووڵاتیی گەورەترین شانازییە کە پارتی هەیەتی و بەردەوامیش دەبێت لەوە لەسەردەمی بارزانی نەمرەوە تاکوو ئێستا، پارتی خۆی بە خزمەتکاریی هاووڵاتییان زانیوە، لەمەودواش هەر بەوشێوەیە بەردەوام دەبێت.

مەسرور بارزانی: ئافرەتی زۆر بەتوانای سەرکردەمان هەیە

مەسرور بارزانی گوتی: قسەیەکم بۆ ئافرەتان، ئێمە کە دەڵێین ئێوە نیوەی کۆمەڵگەن، بەڕاستی نیوەی کۆمەڵگەن، نەوەک تەنها بۆ ئەرک، بەڵکو بۆ مافیش، دەبێت مافی هەموو ئافرەتێک لەو وڵاتە پارێزراو بێت، دەبێت ئافرەت ڕۆڵی کاریگەری خۆی لە حوکمڕانیشدا ببینێت، هەموو کەسێک لەسەریەتی، ڕێز لە ئافرەت بگرێت و کەرامەتی ئافرەت بپارێزێت. ئێمە ئافرەتی زۆر بەتوانامان هەیە، لەو کابینەیە چەندین وەزیرمان هەبووە، لە پەرلەمان چەندین ئافرەتی پەرلەمانتاری بەتوانامان هەبووە، لەناو سەرکردایەتی پارتی، چەندین ئافرەتی سەرکردەی زۆر بەتوانامان هەیە؛ بەردەوام دەبین لەوەی ڕێگە بۆ ئافرەت خۆش بکەین بۆ ئەوەی ئافرەت بتوانێت ڕۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت و وەکو هاووڵاتییەکی یەکسان لەگەڵ پیاو بتوانێت لەو وڵاتەدا بە سەربەرزیی بژیت.

مەسرور بارزانی بۆ گەنجانیش گوتی: پەیامم بۆ هەموو گەنج و لاوانی تەواوی کوردستانە، من بۆ ئەو گەنجانە قسە دەکەم کە هەندێ لایەن هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی گەنجان بێهیوا بکەن، هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی وڵات بەجێ بێڵن. هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی خۆشەویستیان بۆ وڵات نەمێنێت و مێژووی خۆیان لەبیر بکەن و بڕوایان بەداهاتوو نەمێنێت، ئێمە هاتووین بە ئەوان و هەموو هاووڵاتییەکی کوردستان دەڵێین: ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی هیواتان بۆ بگەڕێنینەوە.

مەسرور بارزانی: بەرنامەی ئێمەیە هیوا بۆ گەنجانی کوردستان بگەڕێنینەوە

لە بەرنامەکانی ئەو حکوومەتەی پارتی سەرکردایەتی کردووە، بەرنامە هەبووە بۆ ئەوەی ئێمە چۆن گەنج پێش بخەین، چۆن هەلیکار بۆ گەنج دابین بکەین. لەم کابینەیە بە تەنها زیاتر لە 200 هەزار هەلیکار دابین  کراوە بۆ گەنجان؛ بەڵام ئەمە کۆتایی نییە، چونکە دەزانین هێشتا زۆر شت ماوە بیکەین، گەنجەکانی ئێمە داواکاریی زۆریان هەیە و زۆریش هەن تا ئێستا بێکارن، بەڵام ئەو بەرنامەیەی ئێمە هەمان بووە، بەردەوامیش دەبین لەوەی کە سەدا75ـی دەستی کاری ناوخۆ دەبێ لە خەڵکی ناوخۆ بێت، بۆ ئەوەی گەنج بتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت. ئێمە بەرنامەمان دروست کردووە بۆ ئەوەی ڕێگە بە گەنج بدەین خۆیان پرۆژەی بچووک دروست بکەن بە پشتیوانیی حکوومەت بۆ ئەوەی گەنجەکان خۆیان پرۆژەیان هەبێت نەوەک بەتەنها خۆیان بەخێو بکەن، بەڵکو ببن بە سەرچاوەی ژیان بۆ خەڵکی دەورووبەری خۆشیان کە لەگەڵ ئەواندا کار دەکەن. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر دروستکردنی ئەو دەرفەتانە کە گەنج خۆی ببێتە خاوەنی ئیرادە و بڕیاری خۆی، ببێتە خاوەنی پرۆژەی خۆی. نەوەک تەنها ئەوانەی تەنها داوا دەکەن لە حکوومەت دابمەزرێن، بەڵکو لە کەرتی تایبەت دەبێت دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییەک دروست بکرێت، بۆ ئەوەی گەنج ئەو توانایەی هەیەتی بتوانێت دەری بخات، بۆ ئەوەی گەنج بتوانێت ئەو پێگەیەی ئارەزووی دەکات پێی بگات. دڵنیابن لەوەی کە ئەگەر پارتی بەردەوام بێت لە حوکمڕانی، لەگەڵ ئێوە دەبێت بۆ ئەوەی گەنج جارێکی دیکە هیوای بۆ بگەڕێتەوە، هەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی گەنج سەربەرز بێت و خۆشەویستیی وڵاتی خۆی بەهیچ شتێکی دیکە نەگۆڕێتەوە.

44

مەسرور بارزانی: کورد خاوەنی وەرزشوانی هێندە بەتوانایە کە لە ئاستی جیهان دەدرەوشێنەوە

مەسرور بارزانی گوتی: دوو جار ئۆلۆمپیاد کرا، کورد هەردوو جار چەندین مەدالیای ئاڵتونی بەدەست هێنا، بەڵام هیچیان بەناوی کوردەوە نەبووە، چونکە ئەوان لە وڵاتی دیکەوە دەژین، ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کورد توانای جەستەیی لە سەرکەوتن لە وەرزشدا لە هیچ وڵات و نەتەوەیەک کەمتر نییە، بۆیە ئەگەر خودا یار بێت و ئێوە پشتیوانمان بن، کارێکی وا دەکەین زیاتر بایەخ بە وەرزش بدرێت و گەنجەکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان وا دەربکەون، لەسەر ئاستی جیهان بدرەوشێنەوە.

گوتیشی:ئێمە هونەرمەندی گەورە و هەڵکەوتوو، هونەرمەندی زۆر بەتوانامان هەیە لەناو هەموو خەڵکی کوردستاندا، هونەری جیاواز و توانای جیاواز، بەڵام زۆر بەداخەوە وەکو پێویست بەرهەمەکانیان پارێزراو نەبووە. ئێمە سیاسەتێکمان هەبوو لەم حکوومەتە، لە داهاتووش بەردەوام دەبین لەوەی بەرهەمی هەر هونەرمەندێک پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی ئەو کەسەی توانایی هەیە، نرخی تواناکەی بزانین، پێویستە هەموومان قەدری هونەرمەندی خۆمان بزانین، تاکو ئێمە چەند چێژی لێ دەبینین، ئەوەندەش ڕێز و تەقدیری بۆ نیشان بدەین.

سەرۆک وەزیران گوتی: هەوڵمان داوە چاکسازیی لە هەموو ئاستەکاندا بکەین، لە ڕیفۆرم و کاری ئیداریی لە بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لە باشترکردنی ئاستی زانستی زانکۆکانمان، لە دروستکردنی دامەزراوەکان بۆ ئەوەی بتوانین وەکو ستانداردی نێودەوڵەتی ئاستی خوێندنمان بەرز بکەینەوە، چونکە دڵنیابن ئەو کۆمەڵگەی ئاستی خوێندنی تێدا بەرز بێت، داهاتووی پرشنگدارتر ، وڵاتێکی ئاوەدانتر، کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەرانتری دەبێت.

گوتیشی: ئێمە هەوڵی جیددیمان دا بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە، بەڵام کارێکی ئاسان نەبووە، چونکە هەندێک لایەن هەبوون کە لەو ژینگەیەدا دەژین، لە کۆمەڵگەیەکی وا کە بۆگەنی گەندەڵی فراوان بێت، ئەوان گەشەیان تێدا دەکرد، بە ڕێگریکردنمان لە گەندەڵی، ئێستە ئەوان پەلاماری ئێمە دەدەن، چونکە ئێمە ڕێگر بووین لەبەردەم گەندەڵیی لەم وڵاتە. بەڵێن بێت، بەردەوام بین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بنبڕکردنی گەندەڵی، بەڵام پێویستیمان بە پاڵپشتیی ئێوە هەیە، چونکە ئەوانەی گەندەڵن، بێگومان یارمەتیدەر نابن، ئەوانەی پاکن ئێوەن، کە دەبێت پاڵپشتی ئێمە بکەن تاکو بتوانین لەو ئەرکەدا سەرکەوتوو بین.

مەسرور بارزانی: لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ گەیشتووینەتە ڕێککەوتنی باش

مەسرور بارزانی گوتی: لەگەڵ حکوومەتی عێراق فیدراڵ هەنگاوی زۆر باشیان ناوە بۆ چارەی کێشەکان. زۆر کێشە هەبوون لەنێوان ئێمە و بەغدا، کێشەکانی ئێمە تەنها مووچە نەبوون، کێشەی خاکمان هەیە، کێسەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانمان هەن، کێشەی پێشمەرگە، کێشەی دەستوور، مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، لەسەر هەموو ئەو خاڵانە، هەوڵی جیددیمان داوە بۆ ئەوەی بگەینە لێکگەیشتن و ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی. هەوڵی جیددیمان دا زۆرترین شاند بنێرینە بەغدا، شاندی زۆریش لە بەغداوە سەردانی هەولێریان کرد، لە زۆر ڕووەوە توانیمان لێکگەیشتنی باشمان هەبێت، ئێستاش بەرەو دوا قۆناغەکانی چارەی هەموو کێشەکانین. خوای گەورە یار بێت کێشەکانی کە ماون ئەوانیش چارە دەکرێن و ئێوە لەژیانێکی خۆشتر دەژین بە پشتیوانی خودا.

مەسرور بارزانی گوتی: یەک لەو خاڵانەی لەگەڵ بەغدا زۆر بەجدی کارمان لەسەر کردووە ئەوە بووە کە بۆ لەساڵی 2013 ەوە تاکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە دامەزراندن لە کوردستان بکرێت، لە حاڵەتێکدا لە ساڵێکدا زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە بەغدا دامەزرێندراون، داوامان کردووە هەموو مافێکی هاووڵاتییانی کوردستان دابین بکرێت و ئەو جیاکارییەی کە چەند لەمێژە کراوە قەبوڵی ناکەین بەردەوام بێت، لەسەر ئەوە هەموو هەوڵێکمان داوە لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێککەوتن.

77

مەسرور بارزانی: بۆ ئارامی و ئاوەدانی دەنگ بە پارتی بدەن

مەسرور بارزانی گوتی: لەم هەڵبژاردنە هەر بڕیارێک دەدەن، بڕیار تەنها بۆ ناردنی کەسێک نییە بۆ پەرلەمان، بڕیار تەنها بۆ سەرخستنی لیستی حزبێک نییە لەم هەڵبژاردنە، ئەو بڕیارە دیاریکردنی چارەنووسی وڵاتەکەی ئێمەیە. داواتان لێ دەکەم بڕیارێکی ژیرانە بدەن، بە وردی بڕیار بدەن، بزانن کێ دەتوانێت بەرگریی لەم خاکە بکات؟ کێ دەتوانێت ئاوەدانی بێنێتە ئەو وڵاتە؟ کێ دەتوانێت هیوا ببەخشێت بە گەنجەکانمان؟ کێ دەتوانێت بەرەو ئایندەیەکی ڕووناکتر، وڵاتێکی سەقامگیرتر بمانبات؟ با دەنگ بدەین بەو لیستە، بۆیە داواتان لێ دەکەم، ئەو گەنجانەی لێرەن، لەگەڵ ئەو گەنجانەی لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستانن، دەنگ بدەن بە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی بەختەوەر بن، بۆ ئەوەی کوردستان ئاوەدان بێت، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین.

 

Fly Erbil Advertisment