پانۆرامای كاریگه‌ری و كاردانه‌وه‌كانی ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، بۆ تاوتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخ و پێشهاته ته‌ناهییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆ ده‌بێته‌وه؛ هاوكات به‌رپرسێكی باڵای حكوومه‌تی عێراق، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، سوودانی له‌سه‌ر ئاستی جیاواز و چه‌پ و ڕاست له هه‌وڵدایه عێراق نه‌گلێته ناو ململانێكانەوە.
بڕیارە چوارشه‌ممه، 2ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی كه‌نداو بۆ تاوتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخ و پێشهاته ته‌ناهییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به تایبه‌تی ململانێ سه‌ربازی و چه‌كدارییه‌كانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی و حزبوڵلای لوبنان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ده‌كات.
ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ده‌كات
جاسم محه‌ممه‌د بدێوی، ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی له‌م باره‌وه ڕایگه‌یاندووه "ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، چل و پێنجه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی به سه‌رۆكایه‌تیی محه‌ممه‌د عه‌بدولڕه‌حمان جاسم ئال ثانی، سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر، له ده‌وحه به‌ڕێوه ده‌چێت.
بدێوی هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت ده‌بێت به تاوتوێكردنی دوایین پێشهاته هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لە ناوچەکەدا.
ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، ئه‌نجوومه‌نه‌كه به وردی چاودێریی پێشهاته مه‌ترسییه‌كانی ناوچه‌كه ده‌كات و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی گرژی و په‌ره‌سه‌ندنه‌كان.
له لایه‌كی دیكه‌وه، بڕیار وایه پێنجشه‌ممه، 3ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، لووتكه‌ی سێیه‌می دیالۆگی هاریكاریی ئاسیایی له ده‌وحه به‌ڕێوه بچێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران گه‌یشتووه‌ته ده‌وحه و سبه‌ی له لووتكه‌كه‌دا گوتارێك پێشكه‌ش ده‌كات.
ئه‌ڵمانیا: هێرشه مووشه‌كییه بالیستییه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل گڕ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رده‌دات
ئۆلاف شۆڵتس، ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا له باره‌ی گرژی و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هۆشداریی ده‌دا و ڕایگه‌یاندووه "هێرشه مووشه‌كییه بالیستییه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل گڕ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رده‌دات". هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانی له به‌رلین كردووه و به فه‌رمی نیگه‌رانیی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیای سه‌باره‌ت به هێرشه مووشه‌كییه بالیستییه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل پێ ڕاگه‌یاندووه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، هیچ پاساوێك بۆ ئه‌م هێرشانه نییه.
به هه‌مان شێوه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا هانی وڵاتانی جیهان ده‌دات ڕێگه له تێكچوونی بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگرن؛ ده‌شڵێت، له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێویسته ڕۆڵی بونیاتنبه‌ر له‌م نێوه‌نده‌دا بگێڕن.
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا له بارودۆخ و پێشهاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نیگه‌رانه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش داوای له سه‌رۆكانی وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت (G7) كردووه، كۆ ببنه‌وه. جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، ئیتاڵیا له‌پێناو گه‌یشتن به چاره‌ی دیپلۆماسی و به‌و پێیه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌م خوله‌ی كۆمه‌ڵه‌كه ده‌كات، هه‌موو هه‌وڵێك بۆ هێوركردنه‌وه‌ی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، دەدات.
سوودانی له‌سه‌ر سێ ئاستدا هه‌وڵ ده‌دات عێراق نه‌خزێته ناو ململانێ و په‌ره‌سه‌ندنه‌كان
به‌رپرسێكی باڵای حكوومه‌تی عێراق له‌م سه‌روبه‌نده‌دا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، حكوومه‌تی عێراق دوای هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل، جموجۆڵه‌كانی به جیددی ده‌ست پێ كردووه، به‌تایبه‌ت قسه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده و سه‌رانی پارت و هێزه سیاسییه‌كان له لایه‌ك و هه‌ندێك له سه‌ركرده‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان له لایه‌كی دیكه كردووه. ئه‌و به‌رپرسه تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی، سوودانی په‌یوه‌ندی به وڵاتانی ڕۆژئاوایشه‌وه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریی عێراق بن و له ئه‌گه‌ری خزانی بۆ ناو شه‌ڕی ناوچه‌كه، بیپارێزن.
چاودێرانی سیاسی، ئه‌منی و سه‌ربازی به دووری ده‌زانن حكوومه‌تی عێراق بتوانێت كاریگه‌ری به‌سه‌ر بڕیاری گرووپه چه‌كداره‌كان دروست بكات بۆ خۆبه‌دوورگرتنیان له په‌ره‌سندنه‌كان دژ ئیسرائیل. هاوكات بۆچوونیان وایه گرووپه چه‌كداره‌كان ڕه‌نگه هێرش بکەنە سەر هه‌ندێك له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل له ده‌ره‌وه‌ی عێراق.
شاره‌زایانی ئه‌منی بۆچوونیان وایه توانای ئه‌منیی عێراق لاوازه و ناتوانێن ڕووبه‌ڕووی هیچ هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیل ببێته‌وه كه ده‌یكاته سه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كانی دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ته‌لئه‌ڤیڤ.
سه‌رچاوه‌كان له حكوومه‌تی عێراق هێمایان بۆ ئه‌وه كردووه، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی له دۆخێكی هه‌ستیاردایه، بۆ دوورخستنه‌وه‌ی عێراقیش له هه‌ر هێرشێكی چاوه‌ڕوانكراوی ئیسرائیل بۆ سه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كان، سێ كه‌سایه‌تی عێراقی، كه یه‌كێكیان عه‌ممار حه‌كیمه، ڕاسپاردووه قسه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده و سه‌رانی گرووپه چه‌كداره‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گلێنه ناو ئه‌گه‌ره چاوه‌ڕوانكراوه‌كان. ئه‌و سه‌رچاوانه پێیشیان وایه گرووپه چه‌كداره‌كان مل ناده‌ن و ناچنه ژێر باری هیچ داواكارییه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ی حكوومه‌تی عێراق.
ڕووسیا: بارودۆخ و پێشهاته‌كان سیناریۆگه‌لێكی مه‌ترسیدارن
ڕووسیا هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به گرژی و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بڕیوه و له ڕێگه‌ی دیمیتری پیسكۆڤ، گوته‌بێژی كریملینه‌وه ڕایگه‌یاندووه، بارودۆخ و پێشهاته‌كان سیناریۆگه‌لێكی مه‌ترسیدارن و دوودڵی و دڵه‌ڕاوكێیان له‌سه‌ر ئاستی دنیا دروست كردووه، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا مۆسكۆ داوا له هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات دان به خۆیاندا بگرن.
چوارشه‌ممه، 2ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی له باره‌ی گرژی و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ست، تێیدا ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گوتارێكی پێش كرد و داوای ڕاگرتنی "په‌ره‌سندنه مه‌ترسیداره‌كان"ـی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد.
گۆتێرێس: په‌ره‌سه‌ندنه‌كان مه‌ترسیداران و گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ناو ده‌بات
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای كرد كاتی هاتووه ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه مه‌ترسیدارانه كه گه‌لانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌بات، ڕابگیردرێن.
گۆتێرێس، به توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه مووشه‌كییه بالیستییه‌كه‌ی ئێرانی بۆ سه‌ر ئیسرائیل كرد. سه‌ركۆنه‌كه‌ی گۆتێرێس هاوكاته له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌كانی ئیسرائیل له ناوبراو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له لێدوانێكی پێشوویدا به ئاشكرا سه‌ركۆنه‌ی ئێرانی نه‌كردبوو و ناوی نه‌هێنابوو.
شەوی سێشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران لە دژی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی و حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی حزبوڵلای لوبنان، سەدەها مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە هێرشەکەدا زیاتر لە 400 مووشەک ئاراستە کراون، بەڵام سوپای ئیسرائیل دەڵێت: نزیکەی 180 مووشەک بوون، فرۆکەخانەی بنگۆریۆن و سەرجەم رێڕەوە ئاسمانییەکانیش بە ئاراستەی وڵاتەکەی داخستوون.