خشتەی مووچەی مانگی هەشت بڵاو کرایەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03-10-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی خشتەی مووچەی ئاب (هەشت)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی خشتەکە، ڕۆژی هەینی، 04-10-2024، دابەشکردنی مووچە بە خانەنشینی شارستانی دەست پێ دەکات و ڕۆژی سێشەممە، 08-10-2024، بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کۆتایی دێت.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 02-10-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕایگەیاندبوو، دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لە مووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو مانگی ئاب لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگیرابوون، لە هەفتەی داهاتوودا، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاماژەی بەوە کردبوو، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تاوەکوو مانگی ئاب ڕاگیرابوون، لە شاری بەغدان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، شاندەکە لە بەغدا، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کردووە و لەسەر چوار خاڵ ڕێککەوتوون:
1- دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 02-10-2024، بڕی 598 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمەنبەران و خانەنشینانی شارستانی و فەرمانبەرانی گرێبەست، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.
2 - لەسەر بڕیاری ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ڕۆژی هەینی، 04-10-2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
3- ڕوونکردنەوە و زانیاریی پێویست لەسەر ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تاوەکوو مانگی ئاب لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی جیاواز ڕاگیرابوون، بە داتا و زانیاریی دروست و نووسراوی فەرمی، پێشکەشی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا و بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێن.
4- دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لە مووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو مانگی ئاب ڕاگیرابوون لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق لە هەفتەی داهاتوودا، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت.