تۆڵە مەهدی: بڕیاری بە قەزاکردنی بەحرکە 31 گوند و 4 کۆمەڵگە دەبووژێنێتەوە
بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە ڕایدەگەیەنێت: بڕیاڕی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ بە قەزاکردنی ناحیەی بەحرکە، تەواوی سێکتەرەکانی ژیان لە 31 گوند و 4 کۆمەڵگە دەبووژێنێتەوە.
پێنجشەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2024، تۆڵە مەهدی بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: بڕیاڕی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ بە قەزاکردنی ناحیەی بەحرکە، تەواوی سێکتەرەکانی ژیان لە 31 گوند و 4 کۆمەڵگە دەبووژێنێتەوە، دەشڵێت: لەمەو دوا هاووڵاتیانی دەشتی بەرانەتی و بەحرکە پێویست نەکات بۆ ڕایی کردنی کارووبارەکانیان ڕوو لە شوێنێکی دیکە بکەن، چونکە لە نزیکی خۆیانەوە دەستییان بە تەواوی خزمەتگوزارییەکان دەگات.
تۆڵە مەهدی گوتی: سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی دەکەین بۆ دەرکردنی بڕیاری بە قەزاکردنی ناحیەی بەحرکە، گوتی: ئەو بڕیاڕە زەروورەتی هەنووکەیی بوو بەهۆی فراوانی بوونی دەشتی بەرانەتی و بەحرکە و گوندەکانی دەورووبەری.
گوتیشی: بڕیارەکە بۆ ئاسانکاریی کردنە لە کارووباری هاووڵاتییان، هاوکات خزمەتکردنە بە هاووڵاتییان و دەست گەیشتنیان بە خزمەتگوزارییەکان کە ئەولەوییەتی کارەکانی حکوومەتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەو بڕیاڕە تەواوی سێکتەرەکان بوژانەوە بەخۆیانەوە دەبینن، زۆرترین خزمەتگوزاریی لەو ناوچەیە فەراهەم دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە قەزاکردنی بەحرکەی ئیمزا کرد.
لە فەرمانەکەدا هاتووە "پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 316، بڕیارمان دا بە هێنانە کایەی قەزای بەحرکە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە هەمان سنووری ئێستا ناحیەی بەحرکە".
ئەم فەرمانەش لە ڕۆژی دەرچوونییەوە، واتا ئەمڕۆ، پێنجشەممەوە، 03-10-2024، جێ بەجێ دەکرێت.
بەحرکە، 31 گوند و چوار کۆمەڵگا لەخۆ دەگرێت. لە ساڵی 2003 کراوەتە ناحیە و ئەمڕۆ پێنجشەممەش، بە بڕیاری سەرۆک وەزیران کرایە قەزا.
ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری بەحرکە زیاتر لە 32 هەزار کەسە و نزیکەی حەوت هەزار خانووی لێیە.
سنووری بەحرکە:
لە باکوورەوە ناحیەی بەستۆرە و ناحیەی دارەشەکران.
لە باشوورەوە ھەولێر و ناحیەی ڕزگاری.
لە ڕۆژھەڵاتەوە ناحیەی کەسنەزان.
لە ڕۆژاواوە ناحیەی کەورگۆسک.