پێكهاتەی 4 یانە كوردستانییەكە بۆ خولی عێراق تەواو بوو

.
.

دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە عێراق داخرا، یانەی دهۆك شەوی رابردوو لە دواساتەكانی ناوی دوو یاریزانی نوێی گواستەوە و دەستبەرداری 2 یاریزانیشی بوو، یانەكانی هەولێر و نەورۆزیش هەریەكەیان یاریزانێكیان گواستەوە، سەرجەم یانە كوردستانییەكان هەریەكەیان 6 یاریزانی پیشەگەریان بۆ ئەم وەرزە گواستووەتەوە، تەنیا یانەی دهۆك نەبێت 8 یاریزانی پیشەگەری هەیە، چونكە یانەكە لە جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی یاریی دەكات و رێگەی پێدراوە زیاتر لە 6 یاریزانی پیشەگەر بگوازێتەوە.

.

 

یانەی هەولێر

یانەی هەولێر بە راهێنەرایەتی سەمیر بابۆ بۆ ئەم وەرزە زۆرترین یاریزانی گواستووەتەوە كە ژمارەیان 18 یاریزانە، دەستبەرداری 13 یاریزانیش بووە، تەنیا گرێبەستی 8 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ كردووەتەوە كە پێكهاتوون لە (حوسێن جولی، شێركۆ كەریم، دیدار غازی، ئەركان ئەمیر، عومەر جەنگی، مستەقابیل، رەوا یوسف و هێلیۆ مۆنتێرۆ).
یانەی هەولێر لەسەر ئاستی یانە كوردستانییەكان تاكە یانەیە ناوی 18 یاریزانی كوردی بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق تۆمار كردووە.
لە دوایین رۆژی بازاری گواستنەوەی یاریزانان كە دوێنێ بوو یانەی هەولێر هیدایەت لەتیفی بەرگریكاری لە یانەی دهۆك گواستەوە و دەرگای یانەكە بۆ وەرزی نوێ داخرا.

.

 

یانەی زاخۆ
 یانەی زاخۆ بۆ ئەم وەرزە بە راهێنەرایەتی تەلال بلوشی 9 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە و دوایین یاریزانیش ئیبراهیم هیساری بە ڕەگەز ئارجێنتینی بوو. زاخۆ بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق گرێبەستی 11 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێكردووەتەوە و دەستبەرداری 11 یاریزانیش بووە، یانەی زاخۆ تاكە یانەیە لەسەر ئاستی یانە كوردستانییەكان تەنیا ناوی 6 یاریزانی كوردی تۆمار كردووە كە پێكهاتوون لە (عومران زەكی، سیپان سەدیق، شڤان جەمیل،  حەمید حاجی، بەیار زەكی و سیداد حاجی).

.

 

یانەی دهۆك
یانەی دهۆك 24 كاتژمێر پێش داخستنی دەرگەی گواستنەوەی یاریزانان گڵۆپی سەوزی بۆ 6 یاریزانی یانەكەی هەڵكرد بۆ ئەوەی یانەكە جێبهێڵن، 3 یاریزانیان یانەكەیان جێهێشت كە پێكهاتبوون لە (كۆلیبالی، زیاد ئەحمەد و هیدایەت لەتیف)، بەڵام ژیار گۆڤەند و پاشەنگ عەبدوڵڵا ڕەتیان كردەوە یانەكە جێبهێڵن.
دهۆك لە دواساتەكانی داخستنی دەرگەی گواستنەوەی یاریزانان دوو یاریزانی نوێی گواستەوە، یەكێكیان عەلی موحسین ناوەراستكاری وەرزی رابردووی یانەی هەولێر بوو، دووەمیان كەریم دەروێش یاریزانی پیشەگەری لوبنانی بوو. یانەی دهۆك بۆ ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق ناوی 11 یاریزانی كوردی تۆمار كردووە.

.

 

یانەی نەورۆز
نوێنەرە سوورپۆشەكەی سلێمانی بە راهێنەرایەتی جۆرڤان ڤیێرای بەرازیلی بۆ ئەم وەرزە 12 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە و دەستبەرداری 10 یاریزانیش بووە، گرێبەستی 11 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێكردووەتەوە، لە ریزەكانی یانەی نەورۆز ناوی 11 یاریزانی كورد بۆ ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق تۆمار كراوە.

 

.