مانچێسته‌ر یونایتد گۆڵبارانی پاڵه‌وانی پرێمه‌ر لیگی ده‌كات
مۆرینهۆ له گێمی یه‌كه‌م یارییه‌كه‌ی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه
له گه‌ڕی شه‌شه‌می پرێمه‌رلیگ، یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد له یاریگه‌ی ئۆڵد ترافۆرد گۆڵبارانی یانه‌ی لیسته‌ر سیتی پاڵه‌وانی پرێمه‌ر لیگی كرد و یارییه‌كه‌ی به 4 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك لێ برده‌وه، هه‌ر چوار گۆڵی شه‌یتانه سووره‌كانیش له گێمی یه‌كه‌م تۆمار كران.
له خوله‌كی 22 كریس سمۆلینگ یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتدی به گۆڵێك پێشخست، دواتر له خوله‌كی 37 خوان ماتا گۆڵی دووه‌میشی بۆ تیپه‌كه‌ی مۆرینهۆ زیاد كرد.
له خوله‌كی 40، ماركۆس راشفورد سێیه‌مین گۆڵی بۆ شه‌یتانه سووره‌كان تۆمار كرد، دوو خولهك دواتر، پۆڵ پۆگبا یه‌كه‌مین گۆڵی خۆی به درێسی مان یونایتد تۆمار كرد و تاڕاده‌یه‌ك فشاره‌كانی له‌سه‌ر خۆی كه‌م كرده‌وه.
له گێمی دووه‌م، یانه‌ی لیسته‌ر سیتی له رێگه‌ی (دی مارای گرای) تاكه گۆڵی یارییه‌كه‌یان له خوله‌كی 60 تۆمار كرد، تیپه‌كه‌ی كلاودیۆ رانیێری راهێنه‌ری لیسته‌ر زۆر هه‌وڵیشیاندا نه‌یانتوانی هیچ گۆڕانكاری دیكه له ئه‌نجامی یارییه‌كه بكه‌ن، به‌م ئه‌نجامه‌ش یانه‌ی لیسته‌ر سیتی پاڵه‌وان له كۆی 6 یاری ئه‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌ر لیگ، سێیه‌مین شكستی هاته ڕێ، یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتدیش چواره‌مین سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.