ئەحمەدینەژاد وەڵامی داواكەی خامهنەئی دەداتەوە
مەحمود ئەحمەدینەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران لە نامەیەكی كورتدا وەڵامى داواكەی عەلی خامهنهئى دایەوە و رايگهياند، بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری داھاتووی ئێران خۆی كاندید ناكاتەوە.
K24 – ههولێر:
مەحمود ئەحمەدینەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران لە نامەیەكی كورتدا وەڵامى داواكەی عەلی خامهنهئى دایەوە و رايگهياند، بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری داھاتووی ئێران خۆی كاندید ناكاتەوە.
ئەو ھەواڵە لە كاتێكدایە كە دوێنێ ھەواڵدەری ئیسنا بڵاویكردەوە بەرەی پارێزگارانى ئێران داوا دەكەن ئەحمەدینەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران گوێڕایەڵی وتەكانی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامهنهئى بێت.
پارێزگاران كە باڵی نزیك لە رێبەری ئێرانن دەڵێن بە كاندید بوونی ئەحمەدینەژاد وڵات تووشی دوو ئاراستەیی دەبێت و ئەو رووداوانەی لە سەردەمی سەرۆكایەتی ئەحمەدینهژاد تووشی ئێران ھات ئەنجامی ھەنگاوەكانی ئەو بوو بۆیە داوایان لێكرد خۆی كاندید نەكاتەوە.
دوێنێ عەلی خامهنەئی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە دووبارە خۆ كاندیدكرنەوەی ئەحمەدینەژاد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری بە توندی ھۆشداری دا.