لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى: ئێران به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك چالاكوانان بێده‌نگ ده‌كات

رێكخراوى لێبوردنی نێودەوڵەتی رەخنەی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران گرت و رایگەیاند، ئێران بە هەموو شێوەیەک كەڵك وەردەگرێت بۆ بێدەنگكردنی چالاكوانانی مافی مرۆڤ.

K24 – هه‌ولێر:

رێكخراوى لێبوردنی نێودەوڵەتی رەخنەی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران گرت و رایگەیاند، ئێران بە هەموو شێوەیەک كەڵك وەردەگرێت بۆ بێدەنگكردنی چالاكوانانی مافی مرۆڤ.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رەخنەی لە بڕیاری دادگای تێھەڵچوونەوەی ئێران و سەپاندنی سزای 16 ساڵ زیندانی بە سەر نەرگیس موحەمەدی چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ گرت و گوتی: كۆماری ئیسلامی ئێران بە زیندانیكردنی چالاكوانانی مافی مرۆڤ، لە ھەوڵی بێدەنگ كردنیانە.

فیلیپ لوتەر، سەرۆكی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، ئەو بڕیارەی دادگای ئێرانی بە  بێڕێزیكردن بە دادپەروەری ناوبرد و وتی: ئەو بڕیارە گورزێكی بێبەزەییانە و رووخێنەرە بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران.

دوێنێ چوارشەممە داداگای تێھەڵچوونەوەی تاران سزای 16 ساڵ زیندانی بۆ نەرگیس موحەمەدی گوتەبێژ و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەركرد.