چین هه‌وڵی كڕینی زۆرترین ژماره‌ی گوێدرێژ ده‌دات
رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانیا هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "ئیندیپێندێنت"ی به‌ریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه، چین هه‌وڵی كڕینی زۆرترین ژماره‌ی گوێدرێژی جیهان ده‌دات، وه‌ك رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی بۆكردووه، مه‌به‌ست له‌و كاره به‌كارهێنانی ئه‌و گوێدرێژانهیه له زانستی پزیشكی رۆژهه‌ڵاتی.
رۆژنامه‌كه بڵاویكردووه‌ته‌وه، چین هه‌وڵده‌دات گۆشتی گوێدرێژ له دروستكردنی ده‌رمان و چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشییه‌كانی سووڕی خوێن و ماندووبوون و شه‌كه‌تى, به‌كاربهێنێت.
رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، هه‌ندێك وڵاتی ئه‌فریقا، فرۆشتنی گوێدرێژی به چین قه‌ده‌خه‌كردووه، دوای ئه‌وه‌ی وڵاتی نه‌یجه‌ر رایگه‌یاند، رێژه‌ی هه‌نارده‌كردنی گوێدرێژ, به به‌راورد به ساڵی رابردوو، 3 هێنده زیادیكردووه، به‌تایبه‌تیش بۆ وڵاتانی ئاسیایی.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، وڵاتی بۆركینا فاسۆ، هه‌نارده‌كردنی پێستی گوێدرێژی راگرت و وڵاته‌كه رایگه‌یاند، ماده‌یه‌كی لاستیكی هاوشێوه‌ی جه‌لاتین له پێستی گوێدرێژدا هه‌یه به‌ناوی "EJIAO"، كه چین له به‌رهه‌مهینانی ماده وزه‌به‌خشه‌كان و ده‌رمان به‌كارییان ده‌هێنێت.
ئێستاش چین هه‌وڵه‌كانی بۆ هاورده‌كردنی پێستی گوێدرێژ چڕكردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش له دوای كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی گوێدرێژه‌كانه، به‌و پێیه‌ی ئه‌و وڵاته له ساڵانی حه‌فتاكان، 11 ملیۆن سه‌ر گوێدرێژى هه‌بووه و ئێستاش ته‌نها 6 ملیۆن سه‌ر گوێدرێژی ماوه.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان + RT