حكوومه‌تی هه‌رێم شایسته داراییه‌كانی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ده‌دات
37 ملیۆن دۆلاری داوه‌ته كۆمپانیای DNOی نه‌رویجی
K24 - هه‌ولێر:
كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نه‌رویجی رایگه‌یاندوه كه بڕی سی و حه‌وت ملیۆن و چوارسه‌د هه‌زار دۆلاری وه‌كو شایسته‌ی دارایی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كێڵگه‌ی تاوكێ له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی رۆیته‌رز، له‌و پاره‌یه 31 ملیۆن و 370 هه‌زار دۆلاری بۆ دی ئێن ئۆ و هاوبه‌شه‌كه‌ی گه‌نه‌ڵ ئینێڕجی ده‌بێت و شه‌ش ملیۆنه‌كه‌ی دیكه‌ش قه‌ره‌بووی كۆنه كه له‌لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مابوویه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێشتا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌شت ملیۆن و چوارسه‌د و 10 هه‌زار دۆلاری كۆمپانیاكه‌ی لای ماوه، كه شایسته‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی مانگی حوزه‌یرانه و تا ئێستا نه‌دراوه‌ته كۆمپانیاكه.
به‌رهه‌می كێڵگه‌ی تاوكێ له مانگی ته‌ممووزدا، نزیكه‌ی 118 هه‌زار به‌رمیل بووه رۆژانه.