به‌ریتانییه‌كان هه‌وڵی ده‌ستخستنی پاسپۆرتی ئیرله‌ندی ده‌ده‌ن
ئازادی گه‌شتكردن نیگه‌رانی كردوون
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه، ژماره‌ی ئه‌و هاوڵاتییه به‌ریتانییانه‌ی نیشته‌جێی ئینگلته‌را، سكۆتلاند و وێڵزن، كه داوای پاسپۆرتی ئیرله‌ندی ده‌كه‌ن، دوو هێنده‌ی جاران به‌رزبووه‌ته‌وه.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه دێت، كه به‌ریتانیا له ریفراندۆمێكدا، بڕیاریدا له یه‌كێتی ئه‌وروپا بچێته ده‌ره‌وه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیرله‌ندا رايگه‌یاند، له‌ماوه‌ی سێ مانگی رابردوودا، 21 هه‌زار و 549 داواكاری وه‌رگرتنی پاسپۆرتییان بۆ هاتووه، له‌كاتێكدا له هه‌مان ماوه‌ی ساڵی رابردوو ته‌نها 10 هه‌زار و 959 داواكاری هه‌بووه.
چوونه ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا، هاووڵاتییانی نیگه‌رانكردووه، به‌تایبه‌تیش له‌كاتی گهشتكردنییان بۆ ئیرله‌ندا, به‌و پێیه‌ی زۆرێك له‌وانه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا ئیرله‌ندین له ناوچه‌كانی دیكه‌ی وه‌كو ئینگلته‌را، سكۆتلاند و وێڵز له دایكبوونه و له‌وێ ده‌ژین.
هاوكات ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌مه‌ودوا به‌بێ وه‌رگرتنی ڤیزا نه‌توانن گه‌شت بۆ وڵاتانی ئه‌وروپی و ته‌نانه‌ت وڵاته‌كه‌ی خۆیشیان بكه‌ن، كه ئیرله‌ندایه.