به‌غدا داوا له په‌كه‌كه ده‌كات په‌یوه‌ستبن به حه‌شدی شه‌عبییه‌وه
ئه‌گه‌ری درووستبوونی شه‌ڕێكی هه‌رێمایه‌تییه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئاگادار ئاشكرای كردووه به‌غدا گڵۆپی سه‌وزی بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان"په‌كه‌كه" هه‌ڵكردووه به‌شداری له شه‌ڕی موسڵدا بكات.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه رایگه‌یاندووه" ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا "په‌كه‌كه"ی نه‌یاری توركیایان ئاگادار كردووه‌ته‌وه به بڕیاری به‌شدارینه‌كردن له شه‌ڕی موسڵدا بچنه‌وه و داوایان لێكردوون ئاماده‌بن و له چیای شنگاله‌وه بێنه‌خواره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی یه‌كبگرنه‌وه و به‌شداری له‌و شه‌ڕه‌دا بكه‌ن.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه هۆشداریداوه له به‌شداری په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی له پرۆسه‌ی سه‌ربازی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ له ده‌ست چه‌كدارانی داعش و گوتوویه‌تی"به‌شداری ئه‌و دوو گرووپه له‌و شه‌ڕه‌دا به مانای كردنه‌وه‌ی رێگای ووشكایی نێوان ئێران و سووریا دێت،بۆ پاڵپشتیكردن له رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و گه‌یشتنی حه‌شدی شه‌عبی بۆ نزیك سنووره‌كانی توركیا،هه‌ر بۆیه شه‌ڕی موسڵی به شه‌رێكی هه‌رێمایه‌تی ناوبردووه.
ئه‌م قسانه هاوكاته له‌گه‌ڵ راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانی، كه ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه له شنگال به‌شێكن له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و له به‌غداوه پاره‌یان ده‌درێتی و شان به شانی حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ند گروپێكی چه‌كداری دیكه، وه‌ك "عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق" و "حیزبوڵڵا" به‌شێكن له زامنكردنی پلان و پرۆژه‌یه‌كی ئێرانی كه له لایه‌ن قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانداری سوپای قودسی پاسدارانی ئێرانییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و به‌شێك له‌و پلانه‌ش بۆ كردنه‌وه‌ی رێڕه‌وێكی ووشكاییه له نێوان ئێران و سووریادا و به خاكی عێراقدا تێده‌په‌ڕێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوخۆیی له پارێزگای كه‌ركووك كه به میدیا عه‌ره‌بییه‌كانیان داوه و گوتوویانه" ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا له ناوچه‌كانی كه‌ركووك باره‌گایان بۆ گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه كردووه‌ته‌وه و مانگانه هه‌ر گه‌ریلایه‌ك بڕی"800" دۆلاری پێده‌درێت و وه‌ك كارتێكی فشار له هه‌مبه‌ر توركیا به‌كاریان ده‌هێنێت، به‌تایبه‌تی كه له ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته، له‌سه‌ر بوونی سه‌ربازگه‌یه‌كی سوپای توركیا له نزیك "باشیك" له دۆخێكی خراپدایه و به‌رپرسانی هه‌ر دوو لا رۆژانه گوتاری توند له دژی یه‌كتر ده‌ده‌ن، به تایبه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌م رۆژانه‌دا ئه‌وه‌ی راگه‌یاندبوو، بوونی ئه‌و سه‌ربازگه توركییه له ناوچه‌كانی نه‌ینه‌وا مه‌ترسییه و دوور نییه سه‌ربكێشێت بۆ شه‌ڕێكی هه‌رێمایه‌تی،ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و قسه‌یه كه سه‌رچاوه سیاسییه‌كه بۆ میدیا عێراقییه‌كانی كردووه و له باره‌ی به‌شداری په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی شیعی له شه‌ڕی موسڵ و كۆنترۆڵكردنی ئه‌و رێڕه‌وه ووشكاییه بۆ ئێران له‌گه‌ڵ سوریا هۆشداریداوه له‌باره‌ی دروستبوونی شه‌ڕێكی هه‌رێمایه‌تی له ناوچه‌كه‌دا.