ماڕادۆنا قسه‌ی سه‌یر له‌ باره‌ی كریستیانۆ و مێسی ده‌كات

هه‌ردووكیان به‌ باش ده‌زانێت، به‌ڵام یه‌كێكیانی زیاتر خۆشده‌وێت

دێیگۆ ئه‌رماندۆ ماڕادۆنا، یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئارجێنتینا، له‌ دیمانه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كریستیانۆ شایسته‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆری 2014 نه‌بوو، ده‌شڵێت: كریستیانۆم زۆر خۆشده‌وێت.

ماڕادۆنا له‌ دیمانه‌یه‌كی چاپی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ی رۆژنامه‌ی ماركادا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كریستیانۆ و مێسی هه‌ردووكیان نایابترین یاریزانن و هیچیان له‌ هیچیان باشتر نیین و هه‌ردووكیان و به‌ هه‌مان ئاست یه‌كسانن.

ماڕادۆنا ده‌شڵێت: كریستیانۆم خۆشده‌وێت، چونكه‌ رووخسارێكی دیاری هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ له‌به‌رچاوانه‌، به‌ڵام نابێت توڕه‌ بێت ئه‌و شایسته‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆری 2014 نه‌بوو، به‌ڵكوو مانوێل نویه‌ری گۆڵپارێزی ئه‌ڵمانیا كه‌ جامی جیهانی برده‌وه‌ شایسته‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌ بوو.

مارادۆنا له‌ وڵامێكی دیكه‌یشدا، ده‌ڵێت: مێسی بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ باشترین یاریزان، پێویستی به‌ بردنه‌وه‌ی جامی جیهانی نییه‌، ئه‌و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كی یاریزانی ئه‌ستێره‌ی تێدایه‌.

ماڕادۆنا له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌یری یارییه‌كانی زۆربه‌ی خوله‌كان ده‌كات، ده‌شڵێت: له‌ لالیگا حه‌ز به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی زینه‌دین زێدانی راهێنه‌ری ریال مه‌درید ده‌كه‌م.

ماڕادۆنای ته‌مه‌ن 55 ساڵ، پێشتر نازناوی جامی جیهانی 1986ـی له‌گه‌ڵ تانگۆ بردۆته‌وه‌، پێشتر یاری بۆ یانه‌كانی بۆكاجۆنیۆرز، بارسێلۆنا، ناپۆلی، سێڤییا، نیوئۆڵد بۆیزی ئارجێنتینا كردووه‌، راهێنه‌ری یانه‌كانی رایسینگ و وه‌سڵی ئیماراتی بووه‌، له‌ نێوان 2008 ـ 2010 راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی تانگۆی كردووه‌.

Fly Erbil Advertisment