راگه‌یاندنی عه‌بادی وه‌ڵامی راگه‌یاندنی ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه‌

به‌ بێ ره‌زامه‌ندیی نووسراو یان زاره‌كی هاتوون

K24 – هه‌ولێر

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاند هیچ ره‌زامه‌ندییه‌كی به‌ نووسرا و یان زاره‌كی بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا بۆ ناحیه‌ی باشیك یان شوێنه‌كانی تر نه‌دراوه‌.

به‌یاننامه‌ی نووسینگه‌ی عه‌بادی له‌ وه‌ڵامی ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه‌دا هات كه‌ لایه‌نی توركی باس له‌ داواكاری به‌غدا بۆ پشتیوانی سه‌ربازی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كردووه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا باس له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش نێوان عه‌بادی و داوودئۆغلو سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی توركیا له‌ ساڵی 2014 ده‌كات كه‌ چه‌ند رۆژ به‌ر له‌ ئێستا لایه‌نی توركی وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ره‌زامه‌ندیی عێراق بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی بڵاو كرده‌وه‌.

گوتیشی هێزه‌كانی توركیا به‌ پێچه‌وانه‌ی رێوشوێنه‌كانی تایبه‌ت به‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هاتنه‌ ناو سنووری عێراق و بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ بۆ پێدانی ڤیزا و ره‌زامه‌ندیی بنه‌مایی ده‌كات و ده‌شڵێت هێزه‌كانی توركیا له‌ عێراق به‌شێك نین له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ یارمه‌تیدانی عێراق له‌ شه‌ری دژی تیرۆریستانی داعش و هیچ هێزێكی بیانی به‌ تانك و زرێپۆش له‌ناو خاكی عێراق بوونیان نییه‌، بێجگه‌ له‌ هێزه‌كانی توركیا.

نووسینگه‌ی عه‌بادی ته‌واوی لێدوانه‌كانی لایه‌نی توركی سه‌باره‌ت به‌ بوونی هێزه‌كانی دیكه‌ له‌ عێراق  بێ بنه‌ما و دوور له‌ راستی وه‌سف ده‌كات و پێشی وایه‌ بێجگه له‌‌ كێشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان و رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری عیراق، هیچ رێگه‌یه‌كی تر له‌ به‌رده‌م توركیادا نییه‌.

له‌ كۆتاییدا باس له‌ دیداری نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌ردوولا بۆ راهێنانی هه‌ندێ پۆلیسی عێراق له‌ توركیا ده‌كات، نه‌ك هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هیزه‌كانی توركیا، به‌ پێی ئه‌و پرۆتۆكۆله‌ی له‌ سالی 2007 له‌ نێوان هه‌ردوولا ئیمزا كراوه‌.