عه‌بادى: رێگه‌ به‌ داگيركارى توركيا ناده‌ين و ناهێڵين به‌شدارى شه‌ڕى مووسڵ بكات

به‌غدا رێگه‌ به‌ توركيا نادات به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك به‌شدارى له‌ شه‌ڕى مووسڵدا بكات.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق له‌ وه‌ڵامى لێدوانه‌كانى سه‌رۆك كۆمارى توركيادا رايگه‌ياند, به‌غدا رێگه‌ به‌ توركيا نادات به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك به‌شدارى له‌ شه‌ڕى مووسڵدا بكات.

ئه‌مڕۆ سه‌رۆك كۆمارى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياند, عێراق ناتوانێت به‌ ته‌نيا داعش له‌ مووسڵ ده‌ربكات و ئه‌و هێزه‌ توركييه‌ى له‌ نزيك مووسڵدان, ده‌سته‌به‌رى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن هيچ هێرشێك نه‌كرێته‌ سه‌ر توركيا.

گوتيشى: توركيا سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌شدارى له‌ شه‌ڕى مووسڵدا بكات و ئه‌نقه‌ره‌ توركيا رێگه‌ نادات هيچ رێكخراوێك ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر مووسڵدا.

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و وتانه‌دا كه‌مێك پێش ئێستا سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى به‌ توندى وه‌ڵامى ئه‌ردۆغانى دايه‌وه‌ و رايگه‌ياند, بوونى هێزى توركيا له‌ باشيك كارێكى ناڕه‌وايه‌ و عێراق رێگه‌ نادات توركيا هيچ جۆره‌ به‌شدارييه‌ك له‌ شه‌ڕى مووسڵدا بكات.

گوتيشى: ئێمه‌ داوامان نه‌كردووه‌ توركيا هێز ره‌وانه‌ى عێراق بكات و ئه‌گه‌ر به‌رپرسانى توركيا راست ده‌كه‌ن با به‌ڵگه‌ بخه‌نه‌ڕوو.

هه‌روه‌ها گوتى: رێگه‌ ناده‌ين هيچ هێزێكى داگيركه‌ر بێته‌ ناو خاكى عێراقه‌وه‌.