ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ له نێوان پێشوازی ئه‌مریكا و نیگه‌رانی روسیا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا
K24 – هه‌ولێر
له كاتێكدا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێشوازی له ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌كات، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و روسیا نیگه‌رانن سه‌باره‌ت به قوربانیانی سڤیل له شاری موسڵ.
وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ئاشتۆن كارتێر رایگه‌یاند ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ ساتێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه بۆ تێكشاندنی هه‌میشه‌یی داعش له عێراق.
گوتیشی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی ئاماده‌ن بۆ یارمه‌تیدانی هیزه‌كانی عێراقی و پێشمه‌رگه له شه‌ڕی سه‌ختی ئاینده‌دا و دڵنیاشه كه هاوبه‌شه‌كانی واشنتۆن له عێراق دوژمنی هاوبه‌ش تێك ده‌شكێنن و شاری موسڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق له داعش رزگار ده‌كه‌ن.
له لایه‌كی تره‌وه، سه‌رۆكی روسیا ڤیلادیمیر پوتین داوا له ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا كرد به هۆشیاری له ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ بجوڵێنه‌وه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قوربانیانی هاووڵاتیانی سڤیل.
پوتین هیواداره كار له‌سه‌ر پێویستی كاركردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قوربانییانی سڤیل له شاری موسڵ بكرێت.
جێگری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی بۆ كاروباری مرۆیی، ستیفێن ئوبراین نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی 1.5 ملیۆن دانیشتووی موسڵ ده‌ربڕی كه ده‌كه‌ونه‌وه ژێر كاریگه‌ری ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی شاری موسڵ له داعش.