ئەمریکا: شەڕی مووسڵ سەخت دەبێت
K24 - ھەولێر
پیتەر کوک گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن، دووپاتیکردەوە تاکو ئێستا پلانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ وەک خۆی جێبەجێکراوەو رایگەیاند، شەڕەکە سەختەو کاتێکی زۆری دەوێت.
لەبارەی پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل لە مووسڵ و دەوروبەری کوک گوتی: "واباشترە خەڵکەکە لە ماڵەکانی خۆیان نەیەنەدەرەوە و بۆ ئەم مەبەستەش فڕۆکەکانی عێراق، هەزاران بڵاکراوەیان لە بارەی رێنماییەکانی خۆحەشاردان لە هێرشەکان بەسەر ئاسمانی مووسڵدا بڵاوکردۆتەوە".
لەلایەکی دیکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی لە چارەنووسی یەک ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی کە لە نێو شارەکەدا ماونەتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستیپێكرد، لە رۆژی یەكەمیشدا ھێزەكانی پێشمەرگە پلانەكەیان وەك خۆی جێبەجێكرد و رووبەرێكی فراوانیان لە دەستی داعش رزگاركرد.