شاندێكی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی شەڕی مووسڵ سەردانی توركیا دەكات

K24 - ھەولێر

شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی گرژییەكانی نێوانیان لەسەر بەشداریكردنی سوپای توركیا لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ سەردانی ئەنقەرە دەكات.

مەولوود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند: "شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی توركیا دەكات و سەردانەكە تایبەتە بە رۆڵی توركیا لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ، رەنگە رۆژی پێنج شەممە شاندەكەی عێراق بگاتە توركیا".

گوتیشی، ئەوان ھیوادارن کە ناکۆکییەکانیان لەرێگای دیالۆگەوە چارەسەر بکەن و پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا ئاسایی ببێتەوە.

دوێنێ شاندێکی فەرمی تورکیا بۆ گفتووگۆکردن لە بارەی بوونی هێزەکانیان لە باشیک سەردانی بەغدای کرد، راگەیاندرا كۆبوونەوەكە ھیچ ئەنجامێكی لێنكەوتەوە، ئەحمەد جەمال گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشكرای كرد: "پێشنیارەکانی شاندی فەرمی تورکیا لەگەڵ داخوازییەکانی بەغدا زۆر دووربوون لە یەکتر، داوامان لە شاندەکە کرد هێزەکانیان خاکی عێراق جێبێڵن و رێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرن، چونکە سوپا و هێزەکانی دیکەی عێراق، توانای کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵیان هەیە".