56 بیرە نەوت لە باشووری گەیارە کۆنتڕۆڵکرانەوە

ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ بەردەوامە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لە هێرشێکی هێزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی، لە باشووری مووسڵ، توانرا 56 بیرە نەوتی نزیک شارۆچكەی گەیارە کۆنتڕۆڵ بکرێنەوە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فیدڕاڵی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هێزە عێراقییەکان لە چوارچێوەی پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ بەردەوامن لە پێشڕوەییەکانییان لە میحوەری باشووری شارەکە.

لە لایەكی دیكە هێزە عێراقییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەی حەمام عەلیل دەستپێکرد و تا ئێستا چەند گوندێکیان کۆنتڕۆڵکردووە.

دوێنێ پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵیان دەسپێکرد و ژمارەیەک ناوچە کۆنتڕۆڵکرانەوە.