سەعید چروکایا مرۆڤێکی کوردستانی بوو

دكتۆر سلێمان پێیوابوو ناكرێت له‌ ئه‌وروپاوه‌ ته‌ماشای شه‌ڕ بكات بۆیه‌ هاته‌وه‌ كوردستان و تا رۆژی شه‌هیدبوونی شان به‌ شانی پێشمه‌رگه‌ دژی داعش جه‌نگا

K24 – هه‌ولێر:

لە رۆژى 29/10/2016  شەهیدبوونى دکتۆر سولەیمان ناسراو بە سەعید چوروکایا، بۆ گەلى کورد و کوردستان جێى خەم و پەژارەیەکی زۆر بوو.

شەهید چوروکایا، کەسایەتییەکى نیشتیمان پەروەرو لەناو خەڵکیشدا خۆشەویست بوو.

لە باکوور و باشووری کوردستان خەباتى دەکرد، بەرخودانى دەکرد هەمیشە لەپێشەوەى بەرەکانى جەنگ بووە. هەموو کاتێک  جێى رێزو خۆشەویستى  بووە لاى گەلى کورد و هەڤاڵەکانی.

چوروکایا لە ساڵى 1968 لە چەولیگ ى سەربە دێى چیلکانى باکووری کوردستان لەدایک بووە. خوێندنى سەرەتایی تاکو ئامادەیى لە چەولیگ تەواوکردوە.

چوروکایا، خوێندکارێکى زۆر زیرەک و بەتوانا بوو. لەپاش تەواوکردنى خوێندى ئامادەیی، لەزانکۆى چوقورئۆڤا لەبەشى پزیشکى وەرگیراوە. لەسێیەم ساڵى خوێندنى زانکۆدا، لەساڵى 1990 دەبێتە ئەندام لە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە).

لەپاش بەئەندامبونى، دەچێتە دەشتی بیقاع لە لوبنان و لەناوەندى ئەکادیمیاى مەعسوم کۆرکماز دەخوێنێت. هەر هەمان ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ چوقورئۆڤا و لەوێ دەست بەچالاکى ناوشار دەکات.

 لە سەرەتاى ساڵى 1991 چالاکییەکانی ئاشکرا دەبێت و بەمەش ژیانى دەکەوێتە مەترسییەوە، هەربۆیە چوکورئۆڤا بەجێدەهێڵێت و دەچێتە ئامەد.  

لەپاش ماوەیەکی کورت، پلەى فەرماندەیی لە ئامەد پێدەدرێت. چوروکایا لە 1993 یەکەم ئەرکى وەک یاریدەدەرى فەرماندەى ئامەدی پەکەکە دەستنیشان دەکرێت. لەپاش ساڵێک ئەرکى بەرپرسیارێتى ناوەندى  هەرێمى پەکەکەى پێدەسپێردرێت. بەرپرسیارێتى ناوچەکانى ئەلعەزیز، موش، چەولیک و بەشێک لە ئەرزرووم، دەگرێتەئەستۆ. لە  1995 لەناوەندى بەرپرسیارێتى ئامەد و ناوچەى خەرزان دەبێتە فەرماندەى گشتى. هەر هەمان ساڵ بە ئەندامى  کۆمیتەى ناوەندی پەکەکە هەڵدەبژێردرێت. لە 1996 جارێکیتر خوێندنى ئەکادیمى وەردەگرێت و پاشان دەچێتە سوریا بۆ لاى عەبدوڵا ئۆجەلان.

لەکۆتایی هەمان ساڵ وەک بەرپرسی هەرێمى ئامەد، دەگەڕێتەوە ئامەد، لەساڵانى 1997 و 1998 دێتە باشوورى کوردستان و لە ناوچەکانى زاپ،خواکورک و قەندیل دەمێنێتەوە. بەشدارى شەشەم و حەوتەمین کۆنگرەى پەکەکە دەکات.

لەساڵى 20000، کاتێ  ئۆجەلان دەستگیردەکرێت و پەکەکەیش ئامانجەکانى دەگۆڕێت بۆ بەڕێوەبەرێتى خۆسەرى و هەرێمى دیموکراتى، چوروکایا یەک لەو سەرکردانەی پەکەکە دەبێت کە ئەو گۆڕانکارییانەى بەلاوە پەسەند نابێت و لەگەڵ هەندێ لە هاوخەباتەکانیدا  لە پەکەکە جیادەبنەوە. بەڵام  لەبەرئەوەى ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ باکوورى کوردستان دەچێتە وڵاتى ئەڵمانیا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت.

چوروکایا، لەئەڵمانیا بەشى سۆسیۆلۆجى تەواودەکات و لەپاش ئەوەش دەست بەکارى بازرگانى دەکات. بەپێى وتەى کەسانى دەوروبەرى لەو بوارەشدا زۆر سەرکەتوو بووە.

بەڵام کاتێ داعش پەلامارى باشوورى کوردستان دەدات و دەبێتە مەترسى بۆسەر کوردستان،  ئەوکات بڕیار دەدات کە بێتە باشورى کوردستان  تاکو بەرەنگارى دوژمنان ببێتەوەو خەبات بۆ ئازادى کوردستان بکات.

چوروکایا پێیوابو کە ناکرێت لە ئەوروپاوە  تەماشای ئەو شەڕە بکەین، بۆیە دێتە هەرێمی کوردستان و دەچێتە ریزى پێشمەرگەوەو دەبێتە یەک لەفەرماندەکانى هێزى پێشمەرگە. دەبێتە کەسێکى شارەزا لە شکستپێهێنانى دوژمنانى کوردستان. دەبێتە هاوسەنگەر و هاوخەباتى هەزاران پێشمەرگەى کوردستان. تاکو دوا هەناسەى ژیانى لە میحوەری باشیک روبەڕووى تیرۆریستانى داعش بوەوەو لەگەڵ هاوخەباتەکانیدا بەرگرى لەخاکى کوردستان کرد.

 نە داعشەکان و نە دوژمنانى ئازادى کوردستان، نەیانتوانى شکست بە شەهید سەعید چروکایا بهێنن. چونکە ئەو ئازادى و خۆشەویستى کورد و کوردستان لەدڵیدا هەبوو، باوەڕى بەوە بوو.  دکتۆر سەعید بەڕاستی مرۆڤێکی کوردستانى بوو.

 

ئاماده‌كردنی: جه‌مال باتوون