كەجەدە داوای ناوبژیوانی لە بارزانی دەكات

K24 – ھەولێر

ھاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی (كەجەدە) داوا دەكات مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ناوبژیوانی بكات بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی توركیا و ئازادكردنی ھاوسەرۆكانی ھەدەپە.

لەیلا گۆڤەن ھاوسەرۆكی كەجەدە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری ئامەد رایگەیاند، بارزانی سەنگی دیپلۆماسی لە توركیا ھەیە، داوا دەكەین ناوبژیوانی بكات لەو بارودۆخەی ئێستا لە توركیا ھاتووەتە ئاراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی توركیا ھەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی سەركردە و ئەندامانی پارتی دیموكراتی گەلان دەستپێكردووە و ھاوسەرۆكان و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ھەدەپەی دەستگیركردووە.

پێشتر سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا نیگەرانی لەبەرامبەر دەستگیركردنی ھاوسەرۆكانی ھەدەپە خستوەتەڕوو رایگەیاندووە، مەترسیی ئەوە ھەیە کە کرداری لەمجۆرە ببێتە ھۆی ئاڵۆزتربوونی بارودۆخەکە و کێشەکان قووڵتر ببنەوە.