پارتی: ئەم جۆرە کردارانە بارودۆخەکە گرژتر دەکەن
پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوە
K24 – ھەولێر
گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، نیگەرانن بە دەستگیركردنی ھاوسەرۆكانی ھەدەپە و ئەم جۆرە کردارانە بارودۆخەکە گرژتردەکەن.
لە راگەیاندراوێكدا گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لەو باوەڕەداین ئەم جۆرە کردارانە بارودۆخەکە گرژتردەکەن و لە راستای خزمەتکردنی ھەوڵەکانی ئاساییکردنەوەو چارەسەری کێشەکاندا نابینین و ھەوڵەکانی گفتوگۆ و زەمینە خۆشکردنەکان لەباردەبات و رەوشەکە ئاڵۆزتر دەکەن".
لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ھیوادارین ھەرچی زوترە دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی ھاوسەرۆکان و ئەندامانی دیکەی پەرلەمان کۆتایی پێ بھێندرێت و ئازادبکرێن، ھاوکات ھەنگاوی جدی بەرەو گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان بھاوێژرێ".
دەقی راگەیاندراوی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
دەستگیرکردنی بەڕێزان سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ھاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) و ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانی فراکسیۆنی ئەو حزبە، نیگەرانی کردین، لەو باوەڕەداین ئەم جۆرە کردارانە بارودۆخەکە گرژتردەکەن و لە راستای خزمەتکردنی ھەوڵەکانی ئاساییکردنەوەو چارەسەری کێشەکاندا نابینین و ھەوڵەکانی گفتوگۆ و زەمینە خۆشکردنەکان لەباردەبات و رەوشەکە ئاڵۆزتر دەکەن.
بۆیە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ھیوادارین ھەرچی زوترە دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی ھاوسەرۆکان و ئەندامانی دیکەی پەرلەمان کۆتایی پێ بھێندرێت و ئازادبکرێن، ھاوکات ھەنگاوی جدی بەرەو گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان بھاوێژرێ کە خزمەتی پرۆسەی ئاشتەوایی و سەقامگیری و پێکەوەژیانی سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بکات.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
5/11/2016