بارزانی و عەبادی پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و سوپا تاوتوێ دەكەن

K24 - ھەولێر

لە كۆبوونەوەی شەوی رابردووی نێوان مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشڕەوییەكانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ تاوتوێكرا و خۆشحاڵی خۆیان بۆ ھەمانگی و ھەنگاوەكان لە بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەكە دەربڕی.

ماڵپەری فەرمی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەی شەوی رابردووی بارزانی و عەبادی، ھەنگاوەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ و بارودۆخی مەیدانیی بەرەکانی شەڕ و دوا سەرکەوتن و پێشڕەوەییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی سوپای عێراقی لە میحوەرەکانی باکوور و رۆژھەڵات و باشووری مووسڵ تاوتوێ کرا. ھەروەھا ھەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان نیشاندا بە ئاستی بەرزی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چوارچێوەی پلانی ئازادکردنی موسڵ کە بووەتە ھۆی بەدیھاتنی دەستکەوت و سەرکەوتنی گەورەی سەربازی و تێکشکاندنی خێرای تیرۆریستانی داعش.

ئێوارەی دوێنێ بە سەردانێكی چاوەڕوان نەكراو حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یاوەریی شاندێکی باڵای سەربازیی سوپای عێراق سەردانی شاری ھەولێری کرد و لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە لایەن مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ھەرێم پێشوازیی لێکرا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ھەر یەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و کەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێم ئامادە بوون.ھەردوولا ستایشی قوربانیدان و قارەمانێتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزە عێراقیەکان و سەرەخۆشیان لە خانەوادەی شەھیدان کرد و ھیوای چاکبوونەوەیان بۆ بریندارنی شەڕی دژی تیرۆر خواست.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و سەرۆک وەزیرانی عێراق باس لە رەوش و گوزەرانی ئاوارەکانی مووسڵ و ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە ئازادکراوەکان کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر پاراستنی پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی پارێزگای نەینەوا دەورووبەری کرایەوە.

بارزانی و عەبادی پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و سوپا تاوتوێ دەكەن
بارزانی و عەبادی پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و سوپا تاوتوێ دەكەن
بارزانی و عەبادی پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و سوپا تاوتوێ دەكەن