پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی باشیكی دەستپێكرد
K24 – ھەولێر
تۆڕی پەیامنێرانی كوردستان24 لە بەرەكانی شەڕ رایانگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی باشیكی دەستپێكرد و لە پێشڕەویدایە بەرەو ناوەندی باشیك".
ھێزی پێشمەرگە پێشتر چەندین گوندی لە سنووری شارەدێیەكە كۆنتڕۆڵكردەوە و داعشی لە ناوەندی باشیك گەمارۆداوە، لە ھێرشەكانی ئەمڕۆدا پێشڕەوی دەكەن بۆ چونە ناو باشیك و رزگاركردنی لە دەستی داعش.
لە سەرەتایی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ لە 17/10/2016، ھێزی پێشمەرگە لە رۆژھەڵات و باكووری رۆژھەڵاتی مووسڵ ھێرشی بۆسەر داعش دەستپێكرد و ژمارەیەكی زۆر لە گوند و ئاوایی و رووبەرێكی فراوانیان لە دەست داعش كۆنتڕۆڵكردەوە، پێشمەرگە توانی ھێڵی بەرگری داعش لەو ناوچانە بشكێنێ نزیكەی 29 مانگ حوكمڕانیان لێدەكرد، تێكشكاندنی داعش لە قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ لەلایەن ھێزی پێشمەرگە بووە ھۆكارێك كە سوپای عێراقیش لە چەند لایەكی دیكەوە بەرەو مووسڵ پێشڕەوی بكات.
شارەدێی باشیک دەکەوێتە دەشتی نەینەوا و 12 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای موسڵەوە دوورە و لە رووی ئیداریشەوە سەر بە قەزای ناوەندی موسڵە و دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شارەکەوە و ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و زیاتر بە بەرھەمھێنانی زەیتوون ناسراوە.
زۆرینەی دانیشتووانی ئەو شارەدێیە کوردی ئێزدیین و موسوڵمان و مەسیحی و کوردی شەبەکیشی تێدا دەژین،لە دەوروبەری ناحییەکە ژمارەیەک گوند ھەڵکەوتووە کە "17" گوندیان عەرەبەکان تێیدا نیشتەجێن و "6" گوندی دیکەش ھەن کە ھی کوردە ئێزدییەکانە و لە گوندێکی ئەو شارەدێیەشدا تورکمانەکان ھەن.
خەڵکی ئەو ناوچەیە بە چەند زمانێک قسە دەکەن وەک"عەرەبی" و " کوردی" و "سریانی" و "تورکمانی".
ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارەدێیە بە "70 " ھەزار کەس ئەژمار کراوە و ناوچەیەکە بە کلتوری جۆراوجۆر دەوڵەمەندە بەھۆی ئەو فرە نەتەوەیی و ئاینییەی تێدایە، لە ناوچەکانی "باشیک" و "بەحزانی" ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی دەژین کە بەگوێرەی سەرژمێرییەکان ژمارەی ئێزدییەکانی ئەو ناوچەیە 70% ی کۆی دانیشتووان پێکدەھێنن و ھەروەھا 25% دانیشتوانی ئەو دەڤەرانە مەسیحین و لە "سریانی کاسۆلیک" و " سریانی ئەرسەدۆکس" پێکھاتوون.
ھەروەھا 5% دانیشتوانی ئەو ناوچانە سەر بە ھۆزە کوردییەکانی دیکەی ناوچەکانی بادینانن، بەڵام گوندەکانی دەوروبەری شارەدێی باشێک کە ژمارەیان"17" گوندە پێکھاتەکانی دابەش بوون بە سەر پێنج کلتوری جۆراوجۆردا،عەرەبەکان لە 6 گوندی ناوچەکەدا رێژەیان 20% و کوردی شەبەک لە "20" گوندی ئەو شارەدێیەدان و رێژەی 70% و تورکمان لە گوندێکی ئەو ناوچانەدا دەژین و رێژەیان 5% و عەرەب و کریستیانەکانیش لە دوو گوندی دیکەدا رێژەیان دەگاتە 5% ی دانیشتوانی گوندنشینی دەوروبەری شارەدێی باشیک.