مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی خه‌لافه‌ت گڕده‌گرێ
ئاو كراوه‌ته ماڵی خه‌لیفه‌كه‌ی داعشه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
له ئه‌مڕۆ به‌یانییه‌وه شه‌ڕێكی قورس له ناو شاری موسڵ ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه،رۆژانی پێشتریش شه‌ڕه‌كه زۆر ئاسان نه‌بوو،بۆیه پێده‌چێت شه‌ڕیكی درێژ ماوه له سه‌نته‌ری شاره‌كه‌دا ببینرێت.
هه‌ر چه‌نده هێزه عێراقییه‌كان توانیوویانه بچنه ناو چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی موسڵه‌وه،به‌ڵام له دوو رۆژی رابردوودا دووچاری به‌رگری چه‌كدارانی داعش بوونه‌وه و له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك زیانیشیان به‌ركه‌وت.
مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ری درێژه‌كێشانی شه‌ڕی له سه‌نته‌ری شاره‌كه بۆ ئاژانسی هه‌واڵی"رۆیته‌رز" باس كردبوو.

مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی ده‌ڵێت: "شه‌ڕ له‌گه‌ڵ رێكخراوی داعش، به‌ره‌و شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن ده‌چێت، نه‌ك ته‌نها له ره‌هه‌ندی سه‌ربازی، به‌ڵكو له ره‌هه‌ندی ئابووری و ئایدۆلۆژییه‌وه".
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند، دواى ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه هێڵی یه‌كه‌می به‌رگری داعشی تێك‌شكاند، هێزه عێراقییه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه پێشڕه‌وییه‌كی باشییان كرد.
هه‌روه‌ها گوتی: "پێشبینی ده‌كرێت هه‌رچه‌نده گوشاری زیاتری سه‌ربازی بخرێته سه‌ر چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه و له ناو شاره‌كه نزیكببنه‌وه، ئه‌وان به‌رگرییه‌كی توندتر ده‌كه‌ن".
مه‌سرور بارزانی راشیگه‌یاند، له ماوه‌ی سێ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، داعش فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی بۆمبڕێژ ده‌كرد و به‌ره‌و رووی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌نارد، هه‌روه‌ها به گازی كلۆر و خه‌رده‌ل تۆپبارانییان كردووه و نیشانه‌شكێنه‌كانییان كاریگه‌رییان هه‌بوو، له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ش، هێزی پێشمه‌رگه، زیاتر له 50 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعشی ته‌قاندووه‌ته‌وه.
مه‌سرور بارزانی، پێشبینی ئه‌وه‌ده‌كات، به‌ره‌ی شه‌ڕ له به‌شی رۆژئاوای شاره‌كه سه‌ختتر بێت، به‌و پێیه‌ی ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری شه‌قامی ته‌سك و باریكی هه‌یه، ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌له سه‌ربازییه‌كان ناتوانن به‌ناویدا هاتووچۆ بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا دوژمن، بۆ به‌رگریكردن له پایته‌ختی "خه‌لافه‌ت" بۆ مردن شه‌ڕ ده‌كات، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات شه‌ڕه‌كه سه‌ختتر بێت.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌ڵێت: "چه‌ندین جۆری جیاواز بۆمبی چێندراو هه‌ن و له چه‌ند شوێنێكی جیاواز داده‌نرێنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاكتیكه‌كانی به‌كارهێنانی ئه‌و بۆمبه چێندراوانه ده‌گۆڕێت و هه‌یانه وه‌كو تۆڕێكن له بۆمبی چێندراو".
گوتیشی: "بۆ نموونه یه‌ك بۆمبی چێندراو له‌خانووێكدا داده‌نێنه‌وه و ده‌یشارنه‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌و بۆمبه بته‌قێته‌وه، ئه‌وا بۆمبه‌كانی ته‌واوی خانووه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی له‌گه‌ڵ ئه‌دا ده‌ته‌قنه‌وه".
.jpg)
له لایه‌كی دیكه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌ك له فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی"هاتین نه‌ینه‌وا" رایگه‌یاندووه" دوای هه‌وڵه‌كانی هێزه عێراقییه‌كان بۆ كۆنترۆڵی گونده‌كانی باكووری شاره‌دێی"حه‌مام عه‌لیل" و بۆردوومانی چڕی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و تۆپخانه‌كانی سوپای عێراق شه‌ڕێكی قورس له‌و ناوچانه دروست بووه.
ئێستا هێزه عیراقییه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن سه‌رجه‌م ئه‌و گوند و ناوچانه‌ی باكوری شاره‌دێی حه‌مام عه‌لیل له ده‌ست داعش ده‌ربهینن پاش ئه‌وه‌ی توانییان سه‌نته‌ری شاره‌دێكه كۆنترۆڵ بكه‌ن.
شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی سوپای عێراقی كه زانیارییه‌كانی جه‌نگ بڵاوده‌كاته‌وه، شه‌وی رابردوو كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی دوو گوندی سه‌ر به شاره‌دێی"حه‌مام عه‌لیلن یان راگه‌یاند و له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه به‌و بۆنه‌یه‌وه ده‌ریانكردبوو كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی گونده‌كانی"نحیره" و "باخیره" یان به یه‌كجاری راگه‌یاندبوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نوسیبوویان جه‌نگ بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی گونده‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه درێژه‌ی هه‌یه و ئێستا هێزه ته‌ناهی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق سه‌رقاڵی راماڵینی پاشماوه‌ی بۆمب و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی داعشن له‌و گوندانه‌دا.

بریت مه‌كگۆرگ نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش
"برێت مه‌كگۆرگ" نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردنه‌وه قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌وانان كرد و رایگه‌یاند" شه‌ڕ له دژی داعش" ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام ده‌بێت،هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش كه ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات به‌رده‌وام ده‌بێت له‌و شه‌ڕه له شاری موسڵی عێراق و شاری ره‌ققه‌ی سووری له یه‌ك كاتدا.
مه‌كگۆرگ هه‌ر چه‌نده گوتی خاك و ناوچه‌كانی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی داعش كه‌مبووه‌ته‌وه،به‌ڵام شه‌ڕه‌كه كاتێكی زیاتر ده‌خایه‌نێت،هه‌روه‌ها هاوكاری نێوان پیشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كانیشی له‌م جه‌نگی رزگاركردنه‌وه‌ی موسڵه‌دا به به‌رهه‌مدار ناوبرد.
.jpg)
هه‌ر چه‌نده زه‌نگی ده‌ستپێكردنی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه له 17/10/2016 دا له لایه‌ن"حه‌یده‌ر عه‌بادی" سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقه‌وه لێدرا، به‌ڵام هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به سه‌رپه‌رشتی "مه‌سعود بارزانی" سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی یه‌كه‌میان به‌ره‌و موسڵ نا.
پێشمه‌رگه‌كان هێڵی به‌رگری به‌هێزی داعشیان له رۆژهه‌ڵات و باكووری رۆژهه‌ڵاتی شاری موسڵ شكاند،كه ته‌مه‌نی نزیكه‌ی 27 مانگ بوو له‌و كاته‌ی چه‌كدارانی داعش داگیریان كردبوو.
ئه‌و پێشڕه‌وییانه‌ی پێشمه‌گه له‌و میحوه‌رانه‌ی شاره‌كه‌وه هه‌ر ته‌نها كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی چه‌ند گوند و رووبه‌رێكی دیاریكراوی خاك نه‌بوو، به‌ڵكو كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كانی شاره‌كه بوو بۆ هێزه عێراقییه‌كانی دیكه كه به فه‌رمانی به‌غدا ده‌جوڵێنرێن،ئه‌و گورزه‌ی پێشمه‌رگه هه‌نگاوه‌كانی سوپا و هێزه ئه‌منییه‌كانی خێراتر كرد بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری موسڵ و له رێگه‌شیاندا ژماره‌یه‌ك گوند و شار و شارۆچكه‌یان كۆنترۆڵكرده‌وه، وه سه‌نته‌ری قه‌زای حه‌مدانیه و ناحیه‌ی به‌رتلله و گوندی گه‌وره‌ی گۆگجه‌لی كه وه‌ك گه‌ڕه‌كێكی شاری موسڵ ئه‌ژمار ده‌كرێت.
ئاو چووه‌ته ماڵی خه‌لیفه‌كه‌ی داعشه‌وه و ئه‌و پێشڕه‌وییانه‌ش ناچاریانكرد په‌یامێكی ده‌نگی بڵاوبكاته‌وه و داوا له چه‌كدارانی بكات خۆیان رابگرن و رانه‌كه‌ن و نه‌كشێنه‌وه،ئه‌وانه‌ی شاره‌زای داعشن و خوێندنه‌وه‌یان بۆ په‌یامی یه‌كه‌می "ئه‌بو به‌كر به‌غدادی" كرد له‌و كاته‌ی له 10/6/2014 چه‌كداره‌كانی شاره‌كه‌یان داگیر كرد و سوپای عێراق له‌و شاره هه‌ڵهات ئه‌و به بێسڵه‌مینه‌وه له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی موسڵ ده‌ركه‌وت و له رێگه‌ی پێشنوێژیی و وتارخوێنی، خۆی به خه‌ڵكی ناساند پاش ئه‌وه‌ی وه‌ك خه‌لیفه‌ی ده‌سه‌ڵاته توندڕه‌وییه‌كه‌ی داعش له ناوچه‌كانی بنده‌ستیاندا خه‌ڵكیان ناچار كرد به‌یعه‌تی پێبده‌ن.

ئه‌بو به‌كر به‌غدادی رێبه‌ری چه‌كدارانی داعش
ئه‌و رۆژه‌ی به‌غدادی له مینبه‌ری مزگه‌وته‌كه‌وه ده‌ركه‌وت 4/7/2014 بوو،بۆ ئه‌وه ده‌ركه‌وت به خه‌ڵكی بڵێت ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌وڵه‌تێك به ناوی"ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" له جیهان هاته دونیاوه و به‌رده‌وام فراوان ده‌بێت و ده‌مێنێته‌وه،به‌ڵام دوای دوو ساڵ و چوار مانگ له 3/12/2016 دا جارێكی دیكه به په‌یامێكی ده‌نگی په‌یوه‌ست به ره‌وشی موسڵ بۆ ماوه‌ی 31 خوله‌ك قسه‌ی بۆ چه‌كدار و لایه‌نگرانی كردووه،ئه‌مجاره كه قسه‌ی ده‌كرد تانك و هه‌مه‌ره‌كانی هێزه عێراقییه‌كان ته‌نها چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌و مزگه‌وته‌وه دوور بوون كه جاری پیشوو تێدا ده‌ركه‌وت،به‌ڵام پشت‌راست نه‌بوه‌ته‌وه ئایا به‌غدادی له موسڵه‌وه ئه‌و په‌یامه‌ی تۆمار كردبوو یان له ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی عێراق،په‌یامی ئه‌مجاره‌ی خه‌لیفه‌كه‌ی داعش به‌لای شاره‌زایان و به‌رپرسانی عێراقی و ئه‌مریكییه‌وه به‌هۆی فشاره‌كانی به‌ره‌كانی شه‌ڕی موسڵ و تێكشانی چه‌كداره‌كانی بوو،چونكه شه‌ڕ گه‌یشتبووه به‌رده‌م ماڵه سیمبولیكه‌كه‌ی داعش و مۆڵگه گه‌وره‌كه‌یان له موسڵ كه دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراقه.
له په‌یامی ئه‌مجاره‌دا بێ هیوا بوونی به‌غدادی به زه‌قی ده‌بینرا و ترسی جیابوونه‌وه و به‌رگری نه‌كردنی به‌شێكی چه‌كداره‌كانی و ئه‌گه‌ری راپه‌رینی جه‌ماوه‌ری له‌و شاره به گوته‌كانیه‌وه دیار بوو،به تایبه‌تی له‌و كاته‌ی ئه‌هلی سوننه‌ی هانده‌دا كه بێنه پێش و هاوكاری داعش بكه‌ن و په‌ند له رووداوه‌كانی رابردوو وه‌ربگرن.
.jpg)
ئێستا جه‌نگی ده‌ست به سه‌ردا گرتنی مۆڵگه گه‌وره‌كه‌ی داعش پێی ناوه‌ته هه‌فته‌ی سێیه‌مه‌وه و هێزه عێراقییه‌كان ده‌یانه‌وێت دوای گه‌مارۆدانی شاره‌كه سه‌ری ماره‌كه پان بكه‌نه‌وه و تۆڵه‌ی شكستی سوپاش بكه‌نه‌وه كه ساڵی 2014 له ژێر فه‌رمانده‌یی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو و فه‌رمانده‌ی ئه‌و كاتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقدا دووچاری بوون،به‌ڵام هێشتا سوپا ناتوانێت رۆژێك دیاری بكات بۆ كۆتاییهاتنی داعش و ره‌وینه‌وه‌ی دووكه‌ڵی ئه‌و جه‌نگه سه‌خته‌ی رووبارێك خوێنی له ماوه‌ی 29 مانگی رابردوو له عێراق هه‌ستاند،به‌گوێره‌ی لێدوانی ئه‌و به‌رپرس و فه‌رمانده باڵایانه‌ی كورد و ئه‌مریكا و عێراق شه‌ڕه‌كه ئه‌گه‌ری درێژه‌كێشانی هه‌یه و داعش ئێستا وه‌ك ئه‌و ماره برینداره‌یه كه له هه‌ر چوار لاوه ئاو كراوه‌ته كونه‌كه‌ی و له دوا په‌له‌قاژه‌دا ده‌یه‌وێت هه‌ر چۆنێك هه‌یه به‌رگری له مانه‌وه‌ی خۆی بكات.