ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان راگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوە
"تسیونیوکا رادەستی ژاپۆن دەكرێتەوە"
K24 – ھەولێر
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان راگەیاندراوێك لەبارەی دەستگیركردنی ھاووڵاتیەكی ژاپۆن بڵاوكردوە و رایگەیاند: "بەتۆمەتی ھەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش لە نزیک چیای زەرتک دەستگیرکراوە و دوای لێكۆڵینەوە بڕیاردرا رادەستی وڵاتەكەی بكرێتەوە و ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆكەخانەی ھەولێر بەرەو ژاپۆن بەڕێكرا".
لە راگەیاندراوی ئەنجوومەنی ئاسایش ھاتووە: "لە رێکەوتی ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ ھاووڵاتییەکی ژاپۆنی بەناوی( کوسوکی تسیونیوکا) ناسراو بە (شامیل ک. تسیونیوکا) بەتۆمەتی ھەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش لە نزیک چیای زەرتک دەستگیرکرا".
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان روونیكردوەتەوە: "لە لێکۆڵینەوەدا، کە لەلایەن دەزگای دژە تیرۆری کوردستان لەگەڵیدا ئەنجام دراوە، دەرکەوت لەڕێگەی مۆبایلی زیرەکەوە پەیوەندی بە ئەندامانی داعشەوە کردووە. لە میانەی دەستگیرکردنیدا دەزگاکانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە گفتوگۆ دابوون لەگەڵ دەسەڵاتداری ژاپۆن لەسەر ئەو تۆمەتەی روبەڕووی کراوەتەوە".
دەقی راگەیاندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان
لە رێکەوتی ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ ھاووڵاتییەکی ژاپۆنی بەناوی( کوسوکی تسیونیوکا) ناسراو بە (شامیل ک. تسیونیوکا) بەتۆمەتی ھەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش لە نزیک چیای زەرتک دەستگیرکرا.
لە لێکۆڵینەوەدا، کە لەلایەن دەزگای دژە تیرۆری کوردستان لەگەڵیدا ئەنجام دراوە، دەرکەوت لەڕێگەی مۆبایلی زیرەکەوە پەیوەندی بە ئەندامانی داعشەوە کردووە. لە میانەی دەستگیرکردنیدا دەزگاکانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە گفتوگۆ دابوون لەگەڵ دەسەڵاتداری ژاپۆن لەسەر ئەو تۆمەتەی روبەڕووی کراوەتەوە، ھەروەھا بڕیاردرا ئەم ھاووڵاتیە رادەستیان بکرێتەوە، لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە ئەمڕۆ دووشەمە رێکەوتی ٧ی نۆڤێمبەر لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە بەڕێکرا.
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان
٧/١١/٢٠١٦