له خولی عێراق، زاخۆ به كۆمه‌ڵێك گرفته‌وه یارییه به‌هێزه‌كه‌ی ده‌كات
به‌بێ هانده‌ر میوانداریی یانه‌ی شورته‌ی به‌غدا ده‌كات
له گه‌ڕی نۆیه‌می خولی نایابی تۆپی پێی عێراق، یانه‌ی زاخۆ له نێو یاریگه‌ی خۆی به‌هۆی سزادانه‌وه به‌بێ هانده‌ر رووبه‌ڕووی یانه‌ی شۆرته ده‌بێته‌وه.
به بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به‌هۆی ئاژاوه‌گێری هانده‌رانی، یانه‌ی زاخۆ له نێو یاریگه‌ی خۆی 3 یاری داهاتووی به‌بێ هانده‌ر ئه‌نجام ده‌دات، سبه‌یش به‌بێ پاڵپشتی هانده‌رانی له كاتژمێر 02:00ـی پاشنیوه‌ڕۆ به كاتی باشووری كوردستان، میوانداریی یانه‌ی شورته ده‌كات.
یانه‌ی زاخۆ ئه‌م وه‌رزه له هه‌ردوو خولی كوردستان و عێراق زیاتر له 257 رۆژه هیچ سه‌ركه‌وتنێكی تۆمار نه‌كردووه، بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی زاخۆ له تواناكانی جاسم محه‌مه‌د حاجی بێبه‌ش بووه، هاوكات دلۆڤان مه‌هدی گۆڵپارێزیشی به‌هۆی سزادنهوه له لایه‌ن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقه‌وه بۆ 3 یاری سڕ كراوه.
مێژوو له به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ی زاخۆیه
له مێژووی 13 ساڵی رابردوودا، یانه‌ی شورته ته‌نیا یه‌كجار له نێو یاریگه‌ی زاخۆ براوه بووه، له 3 یاریش له یاریگه‌ی زاخۆ به شكسته‌وه بۆ به‌غدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
یانه‌كانی زاخۆ و شورته له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراق 7 یارییان كردووه، شورته به 15 خاڵ، پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی گرتووه و خاوه‌نی 4 سه‌ركه‌وتن و 3 یه‌كسانبوونه و هیچ یارییه‌كیشی نه‌دۆڕاندووه، له‌وكاته‌ی یانه‌ی زاخۆ هیچ یارییه‌كی نه‌بردۆته‌وه، به 4 خاڵ له ریزبه‌ندی شازده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه دێت.
