زیاتر 96 ھەزار تەن کاڵا لە بانەوە ھەناردەی ھەرێمی کوردستان كراوە

رێژەی ھەناردەكردنی كاڵا لەم سنوورە بەرزبووەتەوە

K24 - ھەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گومرگی سنووری سەیران بەن لە شاری بانەی رۆژھەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا 96 ھەزار و 240 تەن کاڵا بۆ ھەرێمی کوردستان ھەناردە کراوە.

سەعید سەنجابی سەرپەرشتیاری کارگێڕی گومرگی ئاشكرای كرد، بەشی ھەرە زۆری ئەو کاڵایانە کەرەستەی بیناسازی بوونە وەک چیمەنتۆ، شیش، ئاسن، ھەروەھا کەرەستەی پلاستیکی بیناسازی، کۆی گشتی ئەو كاڵایانە بە بەھای 15 ملیۆن و 208 ھەزار دۆلار خەمڵێندراوە.

سەنجابی ئاماژەی بەوەشکردوە ھەناردەکردنی کاڵا لەو سنوورەوە بۆ ھەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو 13% بەرزبووەتەوە.

لە 20 تەمموزی ئەمساڵ دەروازەی سنووری سەیران بەن بە فەرمی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران كرایەوە، دەروازەی سنووری سەیران بەند لە رۆژھەڵاتەوە 18 کیلۆمەتر لە بانە دوورە و لە باشوورەوە 30 کیلۆمەتر لە شاری پێنجوێن دوورە.