جۆن مه‌ككین: ئه‌وه‌ی له سووریا رووده‌دات نیشانه‌ی داڕووخانی سیسته‌می جیهانییه
جیهان له لێواری ئه‌و ره‌وشه‌دایه پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م تێیدابوو
K24 – هه‌ولێر:
جۆن مه‌ككین سیناتۆری ئه‌مریكی رایگه‌یاند" ئه‌وه‌ی له سووریا رووده‌دات له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكی دیكه‌دا له جیهان، به بۆچوونی من ئاماژه‌یه بۆ دارووخانێكی چاوه‌ڕوانكراو له سیسته‌می جیهانی وه‌ك ئه‌و ره‌وشه‌ی له پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م جیهانی تێكه‌ووت".
مه‌ككین گوتوویه‌تی" سه‌ربڕینی خه‌ڵك له حه‌له‌ب ده‌بینین به شێوه‌یه‌كی دڵ شكێن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی سیاسه‌تی دووره‌په‌رێزی سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكاوه‌یه،چو‌نكه له‌و كاته‌ی ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی به‌ڕێوه‌نه‌بات،خه‌ڵكانێكی دیكه سه‌ركردایه‌تی ده‌گرنه ده‌ست،بۆیه سه‌ربڕینه‌كان ده‌بینین".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" دڵم شكاوه له‌وه‌ی له حه‌له‌ب روویداوه،كۆمه‌ڵكوژی روویداوه،ئه‌مه یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی وه‌ك ئه‌وانه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م و داوای له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرد،كارێكی زۆر بكات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆی و به‌رگریكردن له‌و قه‌یرانه".
هه‌روه‌ها جۆن مه‌ككین رایگه‌یاندووه" كاتێك ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌شتییه‌كان و هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌كان و بڕینی گه‌ردنی سوورییه‌كان و ئه‌و كاره‌ساتانه ده‌بینم له‌وێ رووده‌ده‌ن،ده‌كرێت بڵێم ئه‌مه ئاماژه‌یه‌كه بۆ داڕووخانی سیسته‌می جیهانی، كه پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م دامه‌زرا،ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه زۆرترین كات ئاشتی و ئارامی به‌رهه‌مهێنا له مێژووی جیهاندا".