سەرۆک کۆماری عێراق یاسای حەشدی شەعبی پەسەندکرد
"یاساكە ناڕەزایەتی زۆری سوننەکانی لێکەوتەوە"
K24 - ھەولێر
لە بەیاننامەیەکدا نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، فوئاد مەعسووم یاسای حەشدی شەعبی واژوو کردووە.
دوای ئەوەی ماوەیەک لەمەوبەر، ئەنجوومەنی نوێنەران، پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی بە زۆرینە تێپەڕاند، ناڕەزایەتی زۆری سوننەکانی لێکەوتەوە، یاساکە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرا بۆ پەسندکردنی.
بەگوێرەی دەستووری عێراق، ھەر یاسایەک لە پەرلەمان پەسەند بکرێت رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار دەکرێت بۆ پەسەنکردنی و ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا سەرۆکایەتی پەسەندی نەکات ئەوا ھەر بەپێی دەستوور یاساکە بە پەسەند ھەژمار دەکرێت و کاری پێدەکرێت.
یاسای حەشدی شەعبی کە لە 26 مانگی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق پەسەند، بۆ ئەوەیە دەستەی حەشدی شەعبی کە لە چەند گروپێک پێکھاتوون لە ھێزێکی میلیشیاوە بکرێن بە ھێزێکی یاسایی و سەربە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکان عێراق دەبێت.