پێنج وێنه ژیانی خاوه‌نه‌كانی گۆڕی و بووه هۆی خۆكوشتنی یه‌كێكیان
وێنه‌كان گۆڕانكاری ده‌خوڵقێنن
K24 – هه‌ولێر:
كاتێك وێنه‌گر دووگمه‌ی كامێراكه‌ی ده‌ده‌گرێت و ئه‌و ساته‌ی رووداوێك تۆمار ده‌كات، پێشبینی ئه‌وه ناكات وێنه‌كه خۆی رووداوێكه یان ده‌بێته هۆی رووداوێكی گرنگ و گۆڕینی ژیانی ئه‌و كه‌سه‌ی كه وێنه‌كه‌ی گرتووه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه به ده‌گمه‌ن رووده‌ده‌ن، له‌م راپۆرته‌دا چه‌ند وێنه‌یه‌ك كۆكراونه‌ته‌وه كه رووداوێكیان دۆكیۆمێنت كردووه، یان درووست كردووه و ژیانی وێنه‌گره‌كه‌ی یان ئه‌و كه‌سه‌ی چركاندوویه‌تی گۆڕیووه.

به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای ئه‌مریكا له میانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م ساڵی (1945) له لایه‌ن 6 سه‌ربازی ئه‌مریكییه‌وه
ئه‌م وێنه‌یه بووه هۆی رزگاركردنی ژیانی به‌شێك له خاوه‌نه‌كانی، له ساڵی 1945 له میانی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا(6) سه‌رباز ئاڵای ئه‌مریكا له دوورگه‌ی (ئایو جیما) ی ژاپۆن بڵند ده‌كه‌ن،ئه‌و وێنه‌یه له لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌مریكاوه بۆ هاندانی گه‌له‌كه‌ی و درووستكردنی بیرۆكه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنیان له جه‌نگه‌كه‌دا به‌كارده‌هێنن.
به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م (3) له‌و سه‌ربازانه‌ی ناو وێنه‌كه كوژران، بۆیه حكومه‌تی ئه‌مریكی بڕیاریدا بۆ پاراستنی ژیانی ئه‌و سێ سه‌ربازه‌ی دیكه و مانه‌وه‌یان له ژیان، له خزمه‌تی سه‌ربازی بیانبه‌خشێت، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ل هه‌ست به‌وه نه‌كات هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شداری له جه‌نگدا ده‌كه‌ن ده‌مرن.
به كرده‌ییش دووان له سه‌ربازه‌كان به بڕیاری به‌خشینیان له خزمه‌تی سه‌ربازی رازیبوون،به‌ڵام سێیه‌میان ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی ره‌تكرده‌وه و به‌رده‌وام بوو له شه‌ڕ،به‌ڵام حكومه‌ت بڕیاری ده‌ركردنی له ریزه‌كانی سوپادا بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی بپارێزێت،ئه‌و سه‌ربازه ته‌مه‌نێكی درێژی هه‌بوو و ماوه‌یه‌كی زۆر ژیا، به‌ڵام هه‌میشه هه‌ستی به خه‌تا ده‌كرد كه نه‌یانهێشتووه ماوه‌كه‌ی خۆی ته‌واو بكات له جه‌نگدا.

پیاوێكی ئاگركوژێنه‌وه مندالێكی سووتاوی ته‌قینه‌وه‌كانی ئۆكلاهۆمای له باوه‌شكردووه له ساڵی (1995)
(لیسته‌ر لارۆ) رێكخه‌ری پاراستنی كرێكارانی ئۆكلاهۆما پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد ئه‌و وێنانه‌ی له كاتی ته‌قینه‌وه‌كانی نوسینگه‌ی فیدراڵی له ئۆكلاهۆما ساڵی 1995 گرتوویه‌تی،سه‌ره‌ڕای ده‌ستكه‌وتنی پاره له رێگه‌یه‌وه،ده‌بێته هۆی هێنانی نه‌هامه‌تییه‌كی زۆر بۆی، له‌و كاته‌ی وێنه‌ی پیاوێكی ئاگركوژێنه‌وه‌ی گرتووه كه منداڵێكی سووتاوی له باوه‌شگرتووه.
دوای مردنی منداڵه‌كه به‌هۆی سووتاوی جه‌سته‌یه‌وه، یه‌كێك له گۆڤاره‌كان وێنه‌كه‌یان به بڕی (15000) دۆلار لێكڕی و له لاپه‌ڕه‌كانی گۆڤاره‌كه‌دا بڵاویانكرده‌وه.
به‌ڵام دواتر ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كاری تێدا ده‌كرد له كاره‌كه‌ی ده‌ریانكرد،چونكه ده‌یانگووت له ماوه‌ی كاتژمێره‌كانی كاركردنیدا چووه به كامێرای كۆمپانیاكه وێنه‌ی گرتووه و بێ ره‌زامه‌ندی كۆمپانیاش وێنه‌كه‌ی فرۆشتووه.

منداڵێكی سوودانی له ناو برسێتی و نه‌هامه‌تیدا له ساڵی (1993)
ئه‌م وێنه‌یه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا بایه‌خێكی زۆر و فراوانی پێدرا، دوای ئه‌وه‌ی به كامێراكه‌ی وێنه‌گر(كیڤین كارته‌ر) گیرا،منداڵێك له ناو برسییه‌تی و نه‌هامه‌تی كۆمه‌ڵگای سوودانیدا له ساڵی 1993به ده‌ست برسییه‌تییه‌وه ده‌ناڵێنێ و له پشتییه‌وه بازێك وه‌ستاوه و چاوه‌ڕوانی ساتێكی گونجاو ده‌كات تا بیكاته نێچیری خۆی.
هه‌ر چه‌نده وێنه‌گره‌كه بازه‌كه‌ی له منداڵه‌كه دوورخستبووه‌وه، به‌ڵام ره‌خنه‌یه‌كی زۆریشی لێگرا بۆچی منداڵه‌كه‌ی له برسییه‌تی رزگار نه‌كردووه؟.
كیڤین خه‌ڵاتی (پۆلیتزه‌ر) ی به‌هۆی ئه‌و وێنه‌یه‌وه وه‌رگرت، به‌ڵام پاش 3 مانگ له گرتنی وێنه‌كه خۆی كووشت،له‌و كاته‌ی ئۆتۆمبێلی لێده‌خوڕی له باخێكی گشتیدا،به‌هۆی گازی یه‌كه‌م ئۆكسیدی كاربۆن كه خۆی له ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا بڵاویكردبووه‌وه كۆتایی به ژیانی خۆیهێنا.
كیڤین مرد و دوای خۆی نامه‌یه‌كی به‌جێهێشتبوو و نوسیبووی" من غه‌مگینم، بێ ته‌له‌فۆنم، بێ پاره‌م و ناتوانم خانوو به‌كرێ بگرم، بێ پاره‌م و ناتوانم منداڵان رزگار بكه‌م، بێ پاره‌م و ناتوانم قه‌رزه‌كانم بده‌مه‌وه،من بیره‌وه‌رییه‌كانی كوشتن و ته‌رمه‌كان و توڕه‌یی و ئازار كاسیان كردووم، برسییه‌تی و برینداری منداڵان به ده‌ست قولابی به‌ڕه‌ڵا دڵخۆشه‌كانه‌وه و زۆر جار به ده‌ست پۆلیس و ئه‌وانه‌شی پیاوكوژه‌كان ده‌كوژنه‌وه،من وا په‌یوه‌ندی ده‌كه‌م به (كین) وه ئه‌گه‌ر چانس یاوه‌رم بێت".
وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هاوڕێیه‌كی به ناوی كین كه پێش ماوه‌یه‌كی كه‌م مردبوو.

منداڵێكی سوودانی له كاتی ده‌ستگیركردنی له لایه‌ن پۆلیسی تكساسه‌وه له ساڵی (2015)
ئه‌حمه‌د ئه‌لحه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د منداڵێكی ئه‌مریكی به ره‌گه‌ز سوودانییه و ته‌مه‌نی 14 ساڵانه، ئه‌حمه‌د كاتژمێرێكی ناو ماڵی درووستكردبوو و نیشانی مامۆستاكانی دابوو له قوتابخانه‌ی ماك ئارسه‌ر،ئه‌وانیش وایانزانیبوو ئه‌وه بۆمبه،بۆیه پۆلیسیان ئاگاداركردبووه‌وه و ئه‌وانیش له ناو پۆله‌كه‌یدا ده‌ستگیریان كردبوو.
ئه‌و وێنه‌یه‌ی ئه‌حمه‌د هه‌رایه‌كی فراوانی نایه‌وه و خه‌ڵكی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان توڕه‌كرد،ره‌خنه‌یان له دیارده‌ی ئیسلامۆفۆبیا(ترس له ئیسلام) گرت كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكیدا هه‌ستی پێده‌كرێت،ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئاشكرابوونی راستییه‌كانی پشت ده‌ستگیركردنی ئه‌و منداڵه.
تویته‌كه‌ی سه‌رۆك ئۆباما بۆ منداڵه سوودانییه‌كه
دواتر سه‌رۆك باراك ئۆباما له كۆشكی سپی پێشوازی له ئه‌حمه‌د كرد،دژی دیارده‌ی ترس له ئیسلام پاڵپشتی خۆی بۆ ده‌ربڕی و له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نوسیبووی" كاتژمێره‌كه‌ت مه‌ز‌نه ئه‌حمه‌د" ده‌ته‌وێت له‌گه‌ڵ خۆت بیهێنیت بۆ كۆشكی سپی،له‌سه‌رمان پیویسته بایه‌خی زیاتر به منداڵی وه‌ك تۆ بده‌ین تا عاشقی زانست بێت،چونكه زانست واده‌كات ئه‌مریكا وڵاتێكی پێشكه‌وتوو بێت.
ئێستا ئه‌حمه‌د له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر ده‌ژی و پاش ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی خوێندی له دامه‌زراوه‌ی قه‌ته‌ری بۆ په‌روه‌رده و زانست و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵگای بۆ ره‌خسا له‌وێ.
ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت" قه‌ته‌ر شوێنێكی جوانه،ده‌وحه‌م خۆشه‌وێت له به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنێكی زۆر نوێیه،زۆر قوتابخانه‌ی سه‌رنجڕاكێشم بینی لێره،زۆر زانكۆی به ناوبانگی ئه‌مریكی لێره هه‌یه، مامۆستاكان زۆر مه‌زنن،پێموایه من زۆر فێرده‌بم و زۆر چێژ ده‌بینم لێره".

په‌نابه‌رێكی سووری له لوبنان قه‌ڵه‌م ده‌فرۆشێت و منداڵێكی به سه‌رشانیداداوه،ساڵی (2016)
وێنه‌كه‌ی(عه‌بدولحه‌لیم ئه‌لعاتار) له كاتی فرۆشتنی قه‌ڵه‌م له لوبنان له‌و كاته‌ی منداڵه‌كه‌ی به شانیداداوه زۆری له‌سه‌ر گوتراو سه‌رنجی زۆری كه‌وته سه‌ر،ئه‌و په‌نابه‌ره سوورییه له‌و كاته‌ی منداڵه‌كه‌ی به سه‌رشانییه‌وه نووستووه و له ترافیكێك وه‌ستاوه و قه‌ڵه‌م ده‌فرۆشێت،هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكێكی زۆری له جیهان وروژاند و په‌رده‌ی له‌سه‌ر نه‌هامه‌تییه زۆره‌كانی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان به گشتی لادا.
وێنه‌گری ئایسله‌ندی(جیسوور سیمۆرنارسۆن) وێنه‌كه‌ی گرت و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و په‌نابه‌ره سورییه هه‌ڵمه‌تێكی راگه‌یاند.
له‌و هه‌ڵمه‌ته‌شدا توانی بڕی(155) هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی بۆ كۆبكاته‌وه،ئه‌مه‌ش ئاراسته‌ی ژیانی عه‌بدولحه‌لیمی گۆڕی و به پاره‌كه‌ی دوو خواردنگه‌ی له لوبنان كرده‌وه،ئێستا له‌و دوو خواردنگه‌دا 24 په‌نابه‌ری سووری دیكه‌ش كار ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه هافینگتۆن پۆست