بریندارێكی تەقینەوەكانی كۆیە گیانی لە دەستدا
ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكانی كۆیە بوو بە 7 شەھید و 3 بریندار
K24 – ھەولێر
بریندارێكی تەقینەوەكانی شەوی رابردووی بەردەم دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان گیانی لە دەستدا.
عەقید شۆڕش کاکە بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە بە كوردستان24 راگەیاند: "بریندارێكی تەقینەوەكانی شەوی رابردوو كە كارمەندی ئاسایشی كۆیە بوو بەھۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لە دەستدا".
ھەر لە بارەی گیان لە دەستدانی ئەو كارمەندەی ئاسایش عەقید عادل گوتەبێژی ئاسایشی كۆیە بە كوردستان24 گوت: "بەداخەوە یەكێك لەو كامەندانەی ئاسایش كە لە تەقینەوەكانی شەوی رابردووی كۆیە برینداربوو ناوی سەنگەر عەلی خدر، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای ھەولێر گیانی لە دەستدا".
شەوی رابردوو لە كاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی شەوی یەڵدا و یادی لە دایكبوونی عەبدورەحمان قاسملو سكرتێری پێشووی حزبی دیموكرات، دوو تەقینەوە لەبەردەم بارەگای دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان روویاندا و بەھۆیەوە 4 پێشمەرگە و كارمەندێكی ئاسایش و ئەندامێكی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان شەھید بوون و 2 پێشمەرگەی حزبی دیموكرات و دوو كارمەندی دیكەی ئاسایش برینداربوون، كەمێك پێش ئێستا یەكێك لەو بریندارانە گیانی لە دەستدا.

سەنگەر عەلی بەھۆی تەقینەوەكانی شەوی رابردوو لە كۆیە بریندار بوو ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا گیانی لە دەستدا