وەزارەتی ئەوقاف: كۆنفرانسی شافعی لە سلێمانی دەستوەردان و ئیستیفزازكردنە
"ناڕەزایی توند بەرامبەر بەھەموو ئەو کەس و لایەن و ئەم دەستوەردانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاروباری ئاینی ھەرێمی کوردستان دەردەبڕین"
K24 - ھەولێر
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو كۆنفرانسەی لە شاری سلێمانی بەناوی شافعی ئەنجامدرا دەستوەردانێكی خراپە لە كاروباری ئاینی و لە ھەمانكاتدا ئیستیفزازكردنی وەزارەتی ئەوقاف و مامۆستایانی ئاینی و خەڵكی كوردستانە.
لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نیگەرانی دەردەبڕێت لەبارەی ئەنجامدانی كۆنفرانسی شافعی لە شاری سلێمانی و رایدەگەیەنێت: "لەکاتێکدا بارودۆخی ناوچەکە بە حاڵەتێکی ھەستیار و پڕلە کێشەی مەزھەبی و ئاینی تێپەڕدەبێت و لەوکاتەی کە تەنھا چەند کاتژمێرێک بەسەر کردەوەیەکی تیرۆرستی لەشاری کۆیە تێپەڕبووە"رۆژی چوارشەممە21/12/2016، لەشاری سلێمانی کۆنفرانسێکی ئاینی بەناوی(شافعی) بەبێ ئاگاداری ئێمە و بەبەشداری نوێنەری رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران و چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت".
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی ئەوقاف ھاتووە: "ئەمە جگە لەوەی دەستوەردانێکی خراپە لەکاروباری ئاینی لەھەمان کاتیشدا ئیستیفزازکردنی وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی ھەرێم و مامۆستایانی ئاینی و خەڵکی کوردستانیشە بەگشتی "بۆیە ناڕەزایی توند بەرامبەر بەھەموو ئەو کەس و لایەن و ئەم دەستوەردانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاروباری ئاینی ھەرێمی کوردستان دەردەبڕین".
ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ پێش كۆنگرەی شافعی بە ئامادەبوونی سەید محەمەد شەھرودی، نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی، رێبەری ئێران لە پارێزگای سنە و ژمارەیەك دیكە لە بەرپرسانی ئێران و بەرپرسانی ئیداری و حزبی لە شاری سلێمانی بەڕێووەچوو.