كێربی بۆ كوردستان24: ئەمریكا بەردەوام دەبێ لە ھاوكاری و پاڵپشتی كردنی ھەرێمی كوردستان
گفتوگۆ و راوێژكردنمان بەردەوامە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و تا ئێستا ئەمریكا ھاوكاری باشی ھەرێمی كوردستانی كردووە
K24 - واشنتن
جۆن كێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە كوردستان24 راگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوامدەبێت لە ھاوكاریكردنی ئاوارەكان لە ھەرێمی كوردستان.
لە وەڵامی پرسیارێكی كوردستان24، جۆن كێربی گوتی: "پێم وایە وەك وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، درێغیمان نەكردووە لە ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان، ئێمە گفتوگۆ و راوێژكردنمان بەردەوامە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، تا ئێستا ئەمریكا ھاوكاری باشی ھەرێمی كوردستانی كردووە و بەردەوامیش دەبین لە ھاوكاریكردنی ئاوارەكان و پاڵپشتی كردنی ھەرێمی كوردستان".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی سەردانەكەی فرانسوا ئۆلاند سەرۆكی فەرەنسا بۆ ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئێمە دەستخۆشی لە ئۆلاند دەكەین بۆ سەردانەكە، ھەروەھا دەستخۆشی لە فەرەنسا دەكەین، لە ھاوكاریكردن و ھاوپەیمانیەتی لە شەڕی دژی داعش و ھاوكاریكردن و پشتگیریكردنی لە ھێزەكانی پێشمەرگە و كوردستان".