وێستگه‌كانی سوپای عێراق
سوپای عێراق چه‌ندین قوناغی جیاوازی تێپه‌ڕ كردووه
K24 – هه‌ولێر
ئه‌مرۆ 6 كانوونی دووه‌می 2017 ساڵیادی دامه‌زراندنی سوپای عێراقه كه له‌ماوه‌ی 96 ساڵ ته‌مه‌نی چه‌ندین قوناغی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوور و به‌شداریكردن له گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له ناوخۆی عێراق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و رووخان و دووباره بنیاتنانی تێپه‌ڕكردووه.
به‌بۆنه‌ی ساڵیادی ئه‌و سوپایه، رێوره‌سمێك به ئاماده‌بوونی سه‌رۆك كۆماری عێراق فوئاد مه‌عسووم و به‌رپرسانی سه‌ربازی له به‌غدا به‌ڕیوه‌چوو.
سوپای عێراق 96 ساڵ به‌ر له ئێستا، له 6 كانوونی دووه‌می 1921 له سه‌رده‌می حوكمڕانی به‌ریتانیا دامه‌زرا و له چه‌ند هه‌زار سه‌ربازه‌وه له كۆتاییه‌كانی ده‌یه‌ی هه‌شتای سه‌دی بیسته‌م گه‌یشته نزیكه‌ی ملیۆنێك سه‌رباز له هێزه‌كانی وشكایی، هه‌وایی و ده‌ریایی.
سوپای عێراق رۆڵێكی سه‌ره‌كی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شۆرشه‌كانی كورد و سهركۆتكردنیان هه‌بووه، هه‌میشه له لایه‌ن كورده‌وه به سوپایه‌كی داگیركا‌ر ناسراوه و ئێستاش له‌گه‌ڵدا بێت به سوپای خۆی نازانێت و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پشووی ئه‌و رۆژه له هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت.
سوپای عێراق سه‌رباری به‌شداریكردنی له گۆڕینی ده‌سه‌ڵات و كوده‌تا له‌ناوخۆی وڵات به‌شداری له چه‌ندین شه‌ری ناوچه‌یی و دوو لایه‌نه و نێوده‌وڵه‌تی دژی ئیسرائیل، ئێران و كوه‌یت و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كردووه كه درێژترینیان شه‌ڕی هه‌شت ساڵه ئێران و عێراقه و زیانبارترین شه‌ڕیش بۆ سوپای عێراق ساڵی 2003 یه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و سوپایه لێكهوتهوه كه سه‌رده‌مانیك به چواره‌مین سوپای جیهان ده‌ناسرا.
سه‌رۆك كۆماری فوئاد مه‌عسووم له رێوره‌سمی 96 مین ساڵیادی دامه‌زراندنی سوپای عیراق، به‌غدا 6 كانوونی دووه‌می 2017
سوپای عێراق له ساڵی 2003 پاش رووخانی رژێمی به‌عس سه‌ر له‌نوێ له لایه‌ن ئه‌مریكاوه بنیاتنراوه و واشنتۆن زیاتر له 25 ملیار دۆلار بۆ مه‌شق و راهێنان و به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناییه‌كانی سوپای عێراق خه‌رج كردووه.
سوپای عێراق یه‌كێ له‌و سوپا بهدهگمهنانهی جیهانه كه دوو جار له لایه‌ن وڵاتانی دیكه دامه‌زراو و بنیات نراوه. جاری یه‌كه‌م له ساڵی 1921 له لایه‌ن به‌ریتانیاوه دامه‌زراوه، هیچ كاتێك نه‌یتوانی ببێته سوپایه‌كی نیشتمانی، هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه به‌ره‌نگاری خواسته ره‌واكانی گه‌لی كورد بووه‌وه و دوو جاریش به كوده‌تا ده‌سه‌ڵاتی عێراقی گۆڕیوه.
دوو ساڵ پاش دامه‌زراندنی له نێوان ساڵانی 1923 – 1927 و هه‌روه‌ها له ساڵانی نێوان 1930 – 1931 به‌ره‌نگاری شۆڕشی شێخ مه‌حموود بووه‌وه.
سوپای عێراق له ساڵانی 1942 تا 1047 به‌ره‌نگاری شۆرشی بارزان بووه‌وه. پاشان له ساڵانی نێوان 1967 – 1975 به‌ره‌نگاری شۆرشی ئه‌یلول بووه كه به گه‌وره‌ترین شۆڕشی گه‌لی كورد ناسراوه.
پاش نسكۆی ئه‌و شۆڕشه‌ش، سوپای عێراق به‌ره‌نگاری خه‌باتی چه‌كداریی حزبه كوردییه‌كان به‌تایبه‌تی "شۆڕشی نوێ"ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و "شۆڕشی گوڵان"ی پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبه‌كانی دیكه بووه‌وه و له‌م ماوه‌یه‌دا تا راپه‌رینی گه‌لی كوردستان له به‌هاری 1991، چه‌ندین تاوانی جه‌نگی به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد ئه‌نجامدا، له‌وانه پرۆسه‌ی ئه‌نفاڵی بارزانییه‌كان له 1983 كه به‌هۆیه‌وه 8 هه‌زار بارزانی بێ سه‌روشوێن كران و دواتریش له ساڵی 1986 ده‌ستی به چه‌ندین پرۆسه‌ی ئه‌نفال و راگواستنی هاووڵاتیانی كوردستان له ناوچه جیاوازه‌كان به‌تایبه‌تی ناوچه سنوورییه‌كان كرد و به‌هۆیه‌وه 182 هه‌زار هاووڵاتیی كورد بوونه‌ته قوربانی و ئه‌نفالكراون. كیمیابارانی هه‌له‌بجه له ساڵی 1988 كه به‌هۆیه‌وه پینج هه‌زار كه‌س له چه‌ند چركه‌یه‌كدا شه‌هید بوون.

سوپای تێكشكاوی عێراق له شه‌ری كوه‌یت، ئه‌رشیڤ
سه‌دام حوسێن به به‌هێزترین فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق له مێژووی 96 ساڵه‌ی سوپای عێراق ئه‌ژمار ده‌كرێت و له سه‌رده‌می گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری له سوپای عێراق روویاندا، له لایه‌كه‌وه له سه‌رده‌می ئه‌و، توانایی سوپا گه‌یشته لوتكه، هه‌ر پاش رووخانی رژێمه‌كه‌ی، سوپای عێراق به فه‌رمانی پول بریمه‌ر حاكمی مه‌ده‌نی عێراق له ساڵی 2003 هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه.
سوپای عێراق سه‌رباری ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار تووشی شكست بووه و له ئه‌نجامی شكستی 2003 هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه، به‌ڵام شه‌رمه‌زارترین شكستی سوپای عێراق له رۆژی 10حوزه‌یرانی 2014 و رۆژانی دواتر روویدا، كاتێ كه چه‌كدارانی رێكخراوی داعش به سه‌دان چه‌كدار هێرشیان كرده سه‌ر موسڵ و سوپای عێراق بێ ئه‌وه‌ی به‌رگری بكات، فه‌رمانده و سه‌ربازه‌كانی و هێزه ئه‌منییه‌كانی دیكه‌ش چه‌كه‌كانیان فڕی دا و رایانكرد، ئه‌و پرۆسه‌یه له ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا نزیكه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كانی سونهنشینی عێراق به خۆوه گرت و سوپای عێراق له‌م ناوچانه رووخا و به دووه‌مین هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپای عێراق له به‌شێك له ناوچه‌كانی ئه‌و وڵاته ئه‌ژمار ده‌كرێت.

كلاوه فرێدراوهكانی سه‌ربازانی سوپای عێراق پاش هاتنی داعش، 2014
ئه‌و سوپایه كه به پراكتیك به‌شێكه له ناكۆكی سیاسی له عێراق، سه‌رده‌مانێك به چه‌كی روسی ئامرازێكی به‌ر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سوونه بوو بۆ سهركۆتكردنی كورد و شیعه، ئێستاش به چه‌كی ئه‌مریكا له ژێر ركێفی شیعه‌كان دایه، پاش هێرشی داعش جارێكی دیكه به پشتیوانی ئه‌مریكا بنیاتنرایه‌وه و ماوه‌ی 12 هه‌فته‌یه‌كه له شه‌ڕی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ دایه و پلانی كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی شاره‌كه هه‌یه و تا ئێستا 75% به‌ری چه‌پی موسڵی كۆنترۆڵ كردووه.