ئەمریكا: ئێران موشەكێكی مەوداكورتی تاقیكردەوە

ھەوڵەكانی ئەمریكا بۆ تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران بەردەوامە

K24 - ھەولێر

میدیاكانی ئەمریكا لە زاری بەرپرسانی وڵاتەكەیان بڵاویان كردەوە ئێران موشەكێكی مەودا كورتی زەوی بۆ ئاسمان تاقیكردەوە.

موشەكی نوێی ئێران ھەر لەو شوێنە تاقیكراوەتەوە، كە رۆژی 29 كانوونی دووەمی رابردوو موشەكێكی مامناوەندی بالیستی تاقیكردەوە.

بە پێی راپۆرتی میدیاكانی ئەمریكا، تاقیكردنەوەی ئەم موشەكەی ئێران لە جوری "مێرساد" و توانایی رویشتنی 60 كیلۆمەتری ھەیە، بەڵام سزا نێودەوڵەتییەكانی بە خۆوە ناگرێت.

لە دوای تاقیكردنەوەی موشەكی پێشووی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە توێتێكدا بڵاوی كردەوە ئێران یاری بە ئاگر دەكات و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی مایكل فلین رایگەیاند كردەوەكانی ئێران لە ژێر چاودێری دایە.

وەزارەتی دارایی ئەمریكا سزای دارایی بەسەر 15 كەس و كۆمپانیا سەپاند كە پەیوەندییان بە تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران ھەیە، پاش ئەوەی موشەكێكی بالستی مەودا ناوەند تاقیكردەوە.

دوا وەڵامی پراكتیكی ئێران بۆ ئەمریكا مانۆرێكی سەربازی سوپای پاسدارانە، كە رۆژی 4 شوباتی 2017 لە مانۆرێكدا جۆرەكانی بەرگری ھەوایی و موشەكی، ناوەندی فەرماندەیی كۆنترۆڵ و شەڕی ئەلكترۆنی نمایش كرد و ئامانجیشی "پیشاندانی ھێز، ھۆشمەندی و ئامادەییە بۆ بەرگری ھەمە لایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر جۆرە ھەڕەشەیەك" ھەر وەك میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە.

ئیدارەی ترەمپ لە دوا ھەنگاوەكانی بەرامبەر ئێران، لە ھەوڵدایە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە ناو "لیستی تیرۆر".

بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئەم مەبەستە داوایان لە چەندین رێكخراو و دامەزراوەكانی وڵاتەكەیان كردووە بیروڕای خۆیان لە بارەی ئەگەری زیادكردنی سوپای پاسدارانی ئێران بە لیستی "رێكخراوە تیروریستییەكان" پێشكەش بكەن.

ئێران یەكێ لەو حەوت وڵاتەیە كە ترەمپ ھاتنی ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی بۆ ئەمریكای قەدەغە كرد، ھەر چەندە بڕیارەكە لە لایەن دادگا ھەڵوەشێندرایەوە، بەڵام ئەوەندەی دیكە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوانیان زیاتر كرد.

JS