ئاره‌زووی سێكسیان نه‌ماوه
له‌م وڵاته زیاتر له مانگێك تێده‌په‌ڕێت و 47.2% هاوسه‌ره‌كان هیچ كردارێكی سێكسی ئه‌نجامناده‌ن
K24 – هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپرسییه‌كی نوێ رێژه‌یه‌كی بێپێشینه‌ی حاڵه‌تی " هاوسه‌رگیری سارد" له ژاپۆن ده‌ركه‌وتووه و به‌و هۆیه‌شه‌وه ده‌رهاوێشته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری لێده‌كه‌وێته‌وه.
راپرسییه‌كه دامه‌زراوه‌ی پلانی خێزان له ژاپۆن كردوویه‌تی و ده‌ركه‌وتووه (47.2) ی كه‌سانه‌ی هاوسه‌رگیرییان كردووه، زیاتر له مانگێك تێده‌په‌ڕێت و هیچ كردارێكی سێكسی له نێوانیاندا روونادات، به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانی ئه‌و رێژه‌یه‌ش به‌م زووانه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نایه‌ت.
راپرسییه‌كه كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوو كراوه و بۆچوونی 3 هه‌زار كه‌سی وه‌رگرتووه كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان 16 تا 49 ساڵیدا بووه، له‌و 3 هه‌زار كه‌سه 1200 كه‌س وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان داوه‌ته‌وه.
توێژینه‌وه‌كه بۆی ده‌ركه‌وتووه 47.2% ی ژنان و پیاوان ئه‌وانه‌ی چوونه‌ته ژیانی هاوسه‌رگیرییه‌وه له دۆخی "هاوسه‌رگیری سارد"دا ده‌ژین و په‌یوه‌ندی سێكسی به‌رده‌وام و گه‌موگووڕ له نێوانیاندا نییه، ئه‌و رێژه‌یه‌ش زۆر به‌رزه و هێشتا له چاو ساڵی 2014 دا 2.6% زیادیكردووه.

ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی زۆر و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی زۆره له چاو ئه‌و راپرسییه‌ی له ساڵی 2004 كرابوو، چونكه ئه‌وكات رێژه‌ی هاوسه‌رگیریی سارد 31.9% بووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراوه‌ی كۆنیۆ كیتامۆرا ده‌ڵێت" هاوسه‌رگیری سارد و نه‌بوونی په‌یوه‌ندی سێكسی له نیوان هاوسه‌ره‌كاندا له ژاپۆن زیادیكردووه. ژاپۆنیش ته‌نها وڵاتی پیشه‌سازی نییه كه هاووڵاتیانی تووشی ئه‌و كه‌م مه‌یلییه سێكسییه بوون.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیرۆده‌ی ئه‌و ساردوسڕییه بوون ئه‌وانه‌ن ته‌مه‌نیان گه‌یشتووه‌ته چله‌كان و به‌هۆی پێداویستی خێزانه‌كانیان و كاركردنی زۆر ئه‌و ئاره‌زووه‌ی جارانیان نه‌ماوه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه" دابه‌زینی حه‌زی ئه‌نجامدانی كرداری سێكسی له نێوان ژن و مێرده‌كاندا زیانێكی زۆر به ئابووری وڵات ده‌گه‌یه‌نێت و رێژه‌ی له‌دایكبوون كه‌مده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ ده‌رهاویشته‌ی له‌سه‌ر ئابووری وڵات به‌تایبه‌تی كه‌مبوونه‌وه‌ی هێزی كار ده‌بێت".