داعش منداڵه ئێزدییه‌كانی كردووه به خۆكوژ
وێنه‌ی ئه‌و منداڵه ئێزدیانه بڵاوده‌كاته‌وه كه له كاتی داگیركردنی ناوچه‌كانی شنگالدا رفاندوونی
چه‌كدارانی داعش له فیلمێكی پڕوپاگه‌نده‌یی نوێیاند، ڤیدیۆی ژماره‌یه‌ك منداڵیان بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێن" ئه‌وانه ئه‌و منداڵه ئێزدیانه‌ن كه له‌كاتی داگیركردنی شنگالدا رفاندوویانن".
له ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و منداڵه كورده ئێزدیانهیان ناچاركردووه وانه‌ی ئایینی و توندڕه‌وی بخوێنن و به قسه‌ی ئه‌وان كردویانن به ئیسلام".
داعش هه‌ر به‌وه‌نده‌شه‌وه نه‌وه‌ستاوه و ئه‌و منداڵ و مێرمنداڵانه‌ی ناچاركردووه كرده‌ی خۆكوژی ئه‌نجامبده‌ن و له جه‌نگی موسڵدا چه‌ند منداڵێكیان خۆیان بته‌قێننه‌وه.
یه‌كێك له‌و مێرمنداڵانه كه له ڤیدیۆكه‌دا وه‌ك " ئه‌بو یوسف سنجاری " ناوی خۆی ده‌بات و به زمانی كوردی قسه ده‌كات، به شێوه‌یه‌ك مێشكی شۆراوه‌ته‌وه بڵێت" خۆم به كهسوكارمدا دهتهقێنهمهوه".
هه‌روه‌ها مێرمنداڵێكی دیكه‌شی له گه‌ڵدایه و ئه‌ویش ده‌ڵێت ناوم "ئه‌سعه‌د"ه و به ئه‌بو خه‌تاب ناسراوم و خه‌ڵكی گوندی "تل قه‌سه‌ب"م له‌گه‌ڵ ئه‌بو یوسف ده‌چین خۆمان ده‌ته‌قێنینه‌وه".
دواتر وێنه‌ی ئه‌و دوو مێرمنداڵه گیراوه كه سواری ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژكراوه‌كان ده‌بن و له ناوچه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتی شاری موسڵ، خۆیان به هێزه‌كانی عێراقیدا ده‌ته‌قێننه‌وه.
داعش له‌كاتی داگیركردنی ناوچه‌كانی شنگال له مانگی ئابی ساڵی 2014، ژماره‌یه‌كی زۆری منداڵانی كورده ئێزدییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌زاران ژن و پیاودا رفاند و تا ئیستاش چاره‌نووسی زۆربه‌ی ئه‌و منداڵانه نادیاره.
به‌گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چالاكوان و ناوه‌نده په‌یوه‌نداره‌كانی كوردانی ئێزدی بڵاوده‌كرێنه‌وه " هێشتا زیاتر له (3000) ژن و منداڵی ئێزدی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی شنگال له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی داعشدا ماون.
ئێستا داعش رووبه‌رێكی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی له ساڵی 2014 دا داگیریكردن له ده‌ستداوه و رۆژهه‌ڵاتی موسڵ دواین پێگه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و رێكخراوه‌بوو كه له ماوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكی 3 مانگی‌دا له ده‌ست چه‌كداره‌كانیان ده‌رهێنراوه.
شنگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی له مانگی 11 ساڵی 2015 وه له لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه كۆنترۆڵكراوهتهوه.
به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ش یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه ئێزدینشینهكانیش دوای ئه‌وه‌ی شه‌ری داعش وێرانیكردن، بوونی ئه‌و فره هێزییهیه كه له‌و ناوچانه‌دا هه‌ن، به‌تایبه‌تی ئیداره‌ی شاره‌كه هێزه‌كانی سه‌ر به پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه بوونه‌ته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌دا و چه‌ندین جار داوایانكردووه چۆڵیبكه‌ن.
هه‌روه‌ها ئێزدییه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ش هێزه‌كانی سه‌ر به "په‌كه‌كه" یان به‌وه تۆمه‌تباركردووه كه منداڵانی ئێزدی به زۆر په‌لكێشی ناو هێزه چه‌كدارییه جۆراوجۆره‌كانیان ده‌كه‌ن.
چه‌ند جارێكیش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئیداره‌ی ئه‌مریكا داوایانكردبوو ئه‌و هێزانه‌ی په‌كه‌كه له شنگال و ده‌وروبه‌ری بكشێنه‌وه.