سكۆڵز باسی تۆڵه‌كردنه‌وه له رۆناڵدینهۆ ده‌كات

ئه‌ستێره‌یه‌كی دێرینی پێشووی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد چیرۆكی نزیكبوونه‌وه‌ی رۆناڵدینهۆ له شه‌یتانه سووره‌كان ئاشكرا ده‌كات و ده‌شڵێت: كاتێك په‌یوه‌ندیكردنی رۆناڵدینهۆ به ئۆڵد ترافۆرد ڕووینه‌دا، هه‌موومان حه‌زمان به تۆڵه‌كردنه‌وه له‌و یاریزانه به‌رازیلییه ده‌كرد.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 16 شووباتی 2017، پۆڵ سكۆڵز، ناوه‌ڕاستكاری پێشووی مانچێسته‌ر یونایتد له لێدوانێكی تایبه‌تدا كه له پێگه‌ی ده‌یلی میره‌ری بریتانیا بڵاو بۆته‌وه، ده‌ڵێت: له 2003 رۆناڵدینهۆ زۆر له مانچێسته‌ر یونایتد نزیك بوو، به‌ڵام دواتر واژۆی له‌سه‌ر گرێبه‌ستی یانه‌ی بارسێلۆنا كرد، ئه‌مه‌ش ئێمه‌ی توڕه كرد و هه‌موومان حه‌زمان به تۆڵه‌كردنه‌وه له رۆناڵدینهۆ ده‌كرد.
سكۆڵز ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد چوونی رۆناڵدینهۆ بۆ بارسێلۆنا له كاتێكدا بوو كه هه‌مووان له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بووین كه ئه‌م یاریزانه به‌رازیلییه په‌یوه‌ندی به مانچێسته‌ر یونایتد بكات، ده‌شڵێت: له راستیدا هه‌موومان حه‌زمان به هاتنی رۆناڵدینهۆ ده‌كرد، من و رۆی كین یه‌كێك بووین له‌و یاریزانانه‌ی ئاره‌زووی ئه‌وه‌مان ده‌كرد له پاڵ ئه‌و یاریزانه به‌هره‌مه‌نده یاری بكه‌ین.
رۆناڵدینهۆ له 2003 له یانه‌ی پاریس سانجێرمانه‌وه بۆ ریزه‌كانی بارسێلۆنا گواسترایه‌وه، له‌و یانه كه‌ته‌لۆنیاییه چه‌ندان ناسناوی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، دواتر له 2008 په‌یوه‌ندی به یانه‌ی میلان كرد، پاشان یانه‌كانی فلامینگۆ، ئاتڵێتیكۆ مینیرۆ و فلۆرمینزی تاقی كرده‌وه، به فه‌رمی له كۆتاییه‌كانی 2015 به یه‌كجاری وازهێنانی له یاریكردن راگه‌یاند.