به هه‌مان ئه‌و چاكه‌ته‌ی تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه داوای مافی په‌نابه‌رێتی كردووه
ئه‌ندامی گرووپێكی توندڕه‌و له سوید سزای به‌ندكردنی تاهه‌تای به‌سه‌ردا سه‌پێندرا
K24 - هه‌ولێر:
جیهادییه‌كی سووری، به هه‌مان ئه‌و چاكه‌ته‌ی تاوانی كوشتنی حه‌وت سه‌ربازی سووری ئه‌نجامدابوو، خۆی گه‌یاندووه‌ته سوید و داوای مافی په‌نابه‌رێتی له‌و وڵاته كردووه.
دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی سوید، ئه‌و چه‌كداره توندڕه‌وه‌ی ناسیوه‌ته‌وه، كه له سووریا سه‌ر به گرووپه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كان بوو، سزای زیندانیكردنی تاهه‌تایی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه.
هه‌یسه‌م عومه‌ر سه‌خانه، 46 ساڵ، له ساڵی 2012، به‌شداری له گوللـه‌بارانكردنی 7 سه‌ربازی سووریدا كرده، كه به وێنه و ڤیدیۆ له سایت و ده‌زگا هه‌واڵییه‌كانی جیهان بڵاوبووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش ده‌ركه‌وتووه، ئه‌و چه‌كداره توندڕه‌وه، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی له‌و گرووپه ئیسلامییه‌دا، تاوانه‌كه‌یان له ناوچه‌ی ئیدله‌بی باكووری رۆژئاوای سووریا ئه‌نجامداوه.
هه‌یسه‌م سه‌ره‌تای 2013 وه‌ك په‌نابه‌رێكی سووری خۆی ده‌گه‌یه‌نێته سوید، له‌وێ داوای مافی په‌نابه‌رێتی كردووه و له سه‌ره‌تاشدا، رێگه‌ی پێدراوه له‌و وڵاته بمێنێته‌وه، به‌ڵام له مانگی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری هه‌مان ساڵ، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆی گوللـه‌بارانكردنی 7 سه‌ربازی سووری له‌لایه‌ن "نیویۆرك تایمز" بڵاوكرایه‌وه و تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌یسه‌م به چه‌كی كڵاشینكۆف به‌شداری له گوللـه‌بارانكردنی ئه‌و 7 چه‌كداره ده‌كات.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌یسه‌م له ساڵی 2016، له ناوچه‌ی ئۆریبرۆی ناوه‌ڕاستی سوید ده‌ستگیرده‌كرێت، دان به‌وه‌دا ده‌نێت، كه ئه‌و له‌و گرته ڤیدیۆییه‌دا ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئه‌وانه‌ی له ریزی ئه‌و گرووپه توندڕه‌وه‌دا بوونه و پله‌یان له‌و گه‌وره‌تر بووه، فه‌رمانی ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌یان پێكردوون.
به گوێره‌ی میدیا ئیتاڵییه‌كان، هه‌یسه‌م به‌ر له‌وه‌ی وه‌ك جیهادییه‌ك بگه‌ڕێته‌وه سووریا، ماوه‌ی 10 ساڵ له شاری میلانۆی ئیتاڵیا، وه‌ك كرێكاری كاره‌با كاریكردووه، له ساڵی 2012ش به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی توندوتیژی ده‌ستگیركراوه، كاتێك به‌شداری له خۆپیشاندانێكدا كردووه له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی سووریا له رۆمای پایته‌خت، له دژی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سووریا.
