بە گریانەوە ھاوار دەكات: باوكە ھەڵمبگرە باوكە
منداڵێكی 10 ساڵی سوری ھەردوو پێیەكانی لە بۆردومانێك لەدەست دەدات
K24 - ھەولێر
لەناو ھەورێك لە دووكەڵ منداڵێك لەسەر زەوی كەوتووە و بە گریانەوە ھاوار دەكات "باوكە ھەڵمبگرە باوكە". منداڵەكە ھاوار دەكات و ناتوانێت ھەڵبستێتەوە، پاش ئەوەی ھەردوو پێیەكانی لە خوارەوەی ئەژنۆ بە ھۆی بۆردومانی فڕۆكە لە دەستدا.
رووداوەكە رۆژی پێنجەشەممەی ھەفتەی رابردوو لە پارێزگای ئیدلب لە باكووری رۆژئاوای سوریا روویدا و ڤیدیۆكەشی لە لایەن چالاكوانانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە سوشیال میدیا بڵاو كراوەتەوە.
بەپێی ھەواڵێكی سی ئێن ئێن، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند بۆمبە بەرمیلێك لە لایەن فڕۆكەكانی سوریا فرێ درایە خوارەوە و ئەو رووداوە لێكەوتەوە:
چالاكڤانانی ئۆپۆزسیۆن بڵاویان كردەوە منداڵەكە ناوی عەبدولباسیتە و تەمەنی 10 ساڵە و لە نەخۆشخانەیەكی ئیدلب چارەسەری بۆ كرا.
گوتەبێژی دامەزراوەی ھاوكاری مرۆیی مستەفا ئۆزبەك گوتی رۆژی "ھەینی پاش ئەوەی رەوشی منداڵەكە سەقامگیر بوو، تیمەكانی یارمەتیدەر ئەو منداڵەیان بۆ چارەسەری زیاتر بە شاری ھاتای توركیا گواستەوە".
گوتیشی "ھێرشەكە گوندێكی بچووك لە پاریزگای ئیدلبی كردە ئامانج، كە بە یەكێ لە 10 ھێرشەكانی باشووری ئیدلب ئەژمار كراوە و پێنج كەس بەھۆی ئەو ھێرشانە كوژران كە دایك و خوشكی ئەو منداڵە لەناو كوژراوەكاندان".
JS