خان بێزاره له میوان
شاره‌داری گه‌وره‌ی له‌نده‌ن داوا ده‌كات پێشوازی له تره‌مپ نه‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
شاره‌داری گه‌وره‌ی له‌نده‌ن، له دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا نیگه‌رانه و رۆژی 19/2/2017 رایگه‌یاند:" به‌هۆی سیاسه‌ته تونده‌كانی له‌سه‌ر كۆچ، پێویسته بریتانیا پێشوازی له سه‌رۆكی ئه‌مریكا نه‌كات".
سدیق خان سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی له‌نده‌نی پایته‌ختی بریتانیا، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتوویه‌تی:" بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ رێگه‌گرتن له چوونی هاووڵاتیانی 7 وڵاته زۆرینه موسڵمانه‌كه "توند و شه‌رمهێنه‌ره".
هه‌روه‌ها گووتی:" له دۆخێكی له‌و شیوه‌شدا پێویست به‌وه ناكات پێشوازی له تره‌مپ بكه‌ین له بریتانیا و فه‌رشی سووری بۆ رابخه‌ین".
قسه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه موسڵمانه بریتانییه دوای رۆژێك بووه له گفتوگۆی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر یاداشتێك كه داوا كراوه سه‌ردانه‌كه‌ی تره‌مپ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه و رێگه نه‌ده‌ن بێته بریتانیا".
پێشتر حكومه‌تی بریتانیا قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و یاداشته ئه‌لیكترۆنییه كردبوو كه ملیۆنێك و 850 هه‌زار كه‌س واژۆیانكردووه و داوایان له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یان كردبوو، سه‌ردانه‌كه‌ی تره‌مپ هه‌ڵبوه‌ه‌شێنرێته‌وه، حكومه‌ت له‌و باره‌وه گوتوویه‌تی" ئێمه رێزی ئه‌و كه‌سانه ده‌گرین ئه‌و داواكارییه‌یان واژۆكردووه، به‌ڵام به‌م زووانه به گه‌رمی پێشوازی له سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌كه‌ین و هه‌ركات رێوشوێنه پێویسته‌كان كۆتاییهات ئه‌و سه‌ردانه ئه‌نجام ده‌درێت".
له كاتی سه‌ردانی تیرێزا مای بۆ واشنتۆن له 27/1/2017 دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكای بۆ سه‌ردانی بریتانیا بانگهێشتكردووه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا تره‌مپ ده‌ریكردوون، رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی توند بووه‌ته‌وه.