ھێزەكانی عێراق 17 گوندیان لە دەستی داعش رزگاركرد

شەڕ لە رۆژئاوای مووسڵ بەردەوامە بۆ رزگاركردنی تەواوی شارەكە لە دەستی چەكدارانی داعش

K24 - ھەولێر

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی "ھاتین نەینەوا" رایدەگەیەنێت، هێزەکانی عێراق 17 گوندی لە باشووری رۆژئاوای موسڵ كۆنتڕۆڵكردنەوە.

عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ھاتین نەینەوا، دوایین پێشڕەوی ھێزە عێراقییەكانی راگەیاند و گوتی: "توانراوە گوندەكانی لەزاگە، كەرامە، بۆجواری، جەماسە، گنێترە، زەگڕوتیە، عەزبە و كافور، ھەروەھا وێستگەی كارەبای لەزاگە و رێگای حەمام عەلیل- موسڵ- بەغدا كۆنتڕۆڵ بكرێنەوە".

راشیگەیاند: "ھەروەھا فیرقەی 9 زریپۆشی سوپا، توانی گوندەكانی باخیرە، حەراقیات، ئیبراھیمییە و ئیمام حەمزە و تەل گیسوم، كۆنتڕۆڵ بكەنەوە".

بەرەبەیانی دوێنێ، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندە گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند.

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵ دەكەن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرانەوە، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.