رۆژانه 200 ده‌نكه حه‌ب ده‌خۆن
به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كی ده‌گمه‌نه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
خه‌لیل و محه‌مه‌د شه‌معه، دانیشتووی كه‌رتی غه‌ززه‌ی فه‌له‌ستینن، ئه‌وان به ده‌ست نه‌خۆشییه‌كی ده‌گمه‌نی "غوده‌ی ده‌ره‌قی" ده‌ناڵێنن، كه به‌رپرسی دیاریكردنی ئاستی كالیسیۆم و فۆسفۆر و هه‌ندێ كانزای دیكه‌ن له جه‌سته‌ی مرۆڤ.
ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌گمه‌نه، وای له دوو برایه كردووه، رۆژانه 200 ده‌نكه حه‌ب، وه‌ك چاره‌سه‌ری بۆ نه‌خۆشییه‌كه‌یان بخۆن.
فایله شه‌معه، دایكی ئه‌و دوو كوڕه، بۆ "العربیه" گوتی: "یه‌كێك له كوڕه‌كانم ئێستا له نه‌خۆشخانه‌ی شیفای غه‌ززه خه‌وێندراوه، دوای ئه‌وه‌ی دووچاری حاڵه‌تێكی ئیفلیجی كاتی بوو، ئه‌وه‌ش كارێكی ئاساییه و ماوه‌ی 16 ساڵه له‌گه‌ڵیدا ده‌ژیم و راهاتووم".
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه ده‌كات، باری ته‌ندروستی خه‌لیل خراپه و ناجێگیره، هه‌رچی محه‌مه‌ده، كه‌مێك له‌و باشتره، هه‌رچه‌نده دووچاری هه‌مان حاڵه‌ت ده‌بێت، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی كورتتر ده‌خایه‌نێت.
چاره‌سه‌ر
ئه‌و خێزانه تا ئێستاش هیوایان به چاره‌سه‌رێك هه‌یه بۆ نه‌خۆشی منداڵه‌كانییان، هه‌رچه‌نده ئه‌و نه‌خۆشخانه ئیسرائیلییه‌ی پێشتر ئه‌و دوو منداڵه سه‌ردانییان كردوون پێیان گوتوون، كه هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ نه‌خۆشی كوڕه‌كه‌یان نییه و باشتره بیانبه‌نه‌وه غه‌ززه تاكو مردن، به‌ڵام دایكی محه‌مه‌د و خه‌لیل تا ئێستاش ئومێدی به‌وه هه‌یه كه له شوێنێكی ئه‌و جیهانه‌دا چاره‌سه‌رێك بۆ كوڕه‌كانی هه‌یه.
فایله ده‌ڵێت: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناخه‌وم، كاتێك سه‌رم له‌سه‌ر بالیف داده‌نێم، گوێم له ناڵه‌ی كوڕه‌كانم ده‌بێت له ژووره‌كه‌ی ته‌نیشتم، منیش هه‌ست به هه‌مان ئازاری ئه‌وان ده‌كه‌م، هه‌ندێكجار یه‌كێكیان هاوار ده‌كات و وه‌ك بڵێی ئێسكه‌كانی جه‌سته‌ی ده‌شكێن".
ئه‌و دایكه بۆ وێبسایتی "العربیه" ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه گوێبیستی ئه‌وه بووه ده‌رزی تایبه‌تی هۆرمۆن هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی كالیسۆمی له‌ش زیاد بكاته‌وه تا ئه‌و رێژه‌ی جه‌سته پێویستی پێده‌بێت، به‌مه‌ش باری ته‌ندرووستییان به‌ره‌و باشتر ده‌چێت.
دكتۆر ریاز زغبه‌ر، كه پزیشكی پسپۆڕه، باس له‌وه ده‌كات، چاره‌سه‌رێكی هاوشێوه‌ی هۆڕمۆنی "غوده‌ی ده‌ره‌قی" هه‌یه، كه ره‌نگه ببێته جۆرێكی نوێ له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و نه‌خۆشییه و گوتیشی: "ئه‌زموونم له به كارهێنانی ئه‌و چاره‌سه‌ره له‌گه‌ڵ یه‌كێك له نه‌خۆشه‌كانمدا هه‌یه و هه‌ستم به چاكبوونی ده‌كرد ئه‌و كاتانه‌ی چاره‌سه‌رییه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنا، به‌ڵام دواتر هیچ كاریگه‌ریی نه‌ده‌ما".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ده‌كرێت نه‌شته‌رگه‌ری چاندنه‌وه‌ی غوده‌ی ده‌ره‌قی بۆ ئه‌و منداڵانه ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی ده‌گمه‌نه له‌سه‌ر ئاستی جیهان".